ساڵی پار نزیكەی دوو هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆمار كراون

:: AM:08:44:21/01/2017 ‌
لە ساڵی 2016دا نزیكەی دوو هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە لە شاری سلێمانیدا تۆمار كراون، هاوكات لە ماوەی 12 ساڵیشدا 19 هەزار حاڵەت تۆمار كراون و بەرپرسانی نەخۆشخانەی هیواش ڕای دەگەیەنن، ڕێژەكە هەرچۆنێك بێت، نەخۆشییەكە مەترسیدارە و پێویستە بە وریایییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

نەخۆشخانەی هیوا كە تایبەتە بە نەخۆشانی شێرپەنجە، ساڵی 2007 لە شاری سلێمانی كراوەتەوە و پێویستییەكانی بەتایبەت لە ڕووی دەرمانەوە لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق و سندووقی شێرپەنجەوە دابین دەكرێت، بەڵام وەك خۆیان ڕای دەگەیەنن، بەهۆی تەنگژەی درایییەوە كێشەی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانیان بۆ دروست بووە. 

میران محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە، ئاماری شێرپەنجە كە لە شاری سلێمانی تۆمار دەكرێت، لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە و بەپێی توێژینەوەی وڵاتانی تریش دەركەوتووە شێرپەنجە لە هەرێم لە ئاستێكی نزمدایە.

ئەو گوتی، "هەوڵی بەردەواممان هەیە ئەو نەخۆشخانەیە بەهێز بكەین، بەردەوام لە ڕێگەی دەرمان و پزیشكی پسپۆڕەوە كار لەسەر چارەسەرییەكان دەكرێت و خۆشبەختانە هیوایەكی زۆر بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە لەو نەخۆشخانەیەوە گەڕاوەتەوە."

نەخۆشخانەی هیوا پێشتر دوو ملیار دۆلار قەرزداری كۆمپانیاكانی دەرمان بوو، بەڵام لە ئێستەدا ئەو قەرزە بۆ كەمتر لە نیو ملیار دۆلار كەم بووەتەوە.

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی هیوا، ساڵی 2016دا هەزار و 900 حاڵەتی شێرپەنجە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا تۆمار كراوە.
سیامەند خەلیل، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوە دا، ساڵانە نزیكەی 200 حاڵەت تۆمار دەكرێن، ئەوەش لە خوار ستانداردی جیهانیدایە.

هەروەها گوتی، "ئەو نەخۆشانەی لەو نەخۆشخانەدان تێچوویان زۆرە، نەخۆش هەیە 20 دەفتەر دۆلاری بۆ چارەسەر پێویستە."
ئەگەرچی حكوومەتی عێراق لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ماوەی دوو ساڵە لە كێشەدایە و بودجەی كوردستان نانێردرێت، بەڵام لە ڕووی دەرمانەوە بەغدا بەردەوامە لە ناردنی.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی هیوا ڕای گەیاند، "تا ئێستە حكوومەتی ناوەند بەردەوامە لە ناردنی دەرمان بۆمان، دەبێت بەردەوامیش ئیش لەسەر ئەوە بكرێت دەرمان بنێرێت و دووچاری كێشەی دەرمان نەبینەوە."

هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە وەك باس دەكرێن زۆرن، لە دیارترینیشیان بۆماوەیی و پیسبوونی ژینگەن.
سلێمان سابیر، پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجەی خوێن، بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە، هۆكاری بۆماوەیی بەتایبەتی لەسەر منداڵ بۆ تووشبوونی شێرپەنجە، كاریگەری زۆری هەیە.

زیاتر گوتی، "پیسبوونی ژینگە بە هۆكارێكی سەرەكی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە دادەنرێت لە دنیادا، ژینگەی كوردستانیش تا ڕادەیەك لەبارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە."

سلێمانی/شاد كه‌یوان.


وشە - تایبه‌ت