وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان داواكەی وەزارەتی ئەوقاف بە تەنیا بۆچوونێك دەزانێت و رای دەگەیەنێت، داواكەی وەزارەتی ئەوقاف پشتی بە ئامار نەبەستووە و تەنیا بۆچوونە.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی تشرینی یەكەم، شێروان عەزیز بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چاپی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە گۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، ئێمە كار بە ڕێنوێنییەك دەكەین كە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری تایبەتە بە رێكخستنەوەی فریكوێنس و پێدانی مۆڵەت بە كەناڵەكان، ئەوەیش بە میدیای بینراو و بیستراو، پێویستە كەناڵەكان پابەندبن بە داونەریتی كۆمەڵایەتی و دروست نەكردنی مەترسی لەسەر خێزان، ئەگەر لە ڕێنوێنییەكان لا بدەن سزا دەدرێن.
زیاتر گوتی، ئەو نووسراوەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ئاراستەی ئێمە كردبوو، هیچ بنەمایەكی زانستی تێدا نەبوو، بۆیە ئەوە تەنیا بۆچوونە نەك ئامار و داتا.
"داوا دەكەین لیژنەیەك لە كەسانی شارەزا و پسپۆڕ، هەروەها لایەنی پێوەندیدار لە هەریەك لە وەزارەتەكانی ئەوقاف و رۆشنبیری و كاروباری كۆمەڵایەتی و ناوخۆ پێك بهێنرێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دراما توركییەكان." شێروان عەزیز وای گوت.
دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری كرد تیایدا داوای كردبوو ڕێگری لە دراما توركییەكان بكرێت، چونكە بوونەتە هۆكاری زۆربوونی جیابوونەوەی خێزانەكان.