عێراق.. سوپا دەكەوێتە ئینزار و هێرش كرایە سەر بارەگای حزبی دەعوە

:: PM:09:08:02/10/2019 ‌

پەرەسەندنەكانی دۆخی عێراق زیاتر دەبن و سەرچاوەكانی هەواڵ رای دەگەیەنن كە لە پارێزگای نەجەف هێرش كراوەتە سەر بارەگای حزبی دەعوە و فڕۆكەخانەی شارەكە، لە بەغداش و لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە و گەیشتنی بۆ ناو ناوچەی سەوزی بەغدا كە نێردە دیپلۆماسی و وەزارەتەكانی حكوومەتی تیادایە، وەزیری بەرگری عێراق هێزەكانی خستووەتە ئینزار.

سەرچاوەیەك لە پارێزگای نەجەف دووپاتی كردەوە كە سەتان خۆپێشاندەری ناڕازی هەڵیان كوتاوەتە سەر بارەگای حزبی دەعوەی ئیسلامی كە نووری مالیكی سەركردایەتی دەكات و زانیاری زیاتری نەدركاند، هاوكات خۆپێشاندەران هێرشیان كردووەتە سەر فڕۆكەخانەی نەجەف و هێزە تەناهییەكانیش لە بەرانبەریان پاشەكشەیان كردووە.

لەلایەكی تر وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە نەجاح شمەری وەزیری بەرگری عێراق ئەمڕۆ چوارشەم رێنوێنی داوە هەموو بەشەكانی سوپا بخرێنە ئینزارەوە بۆ پاراستنی سەروەری دەوڵەت و دامەزراوەكانی حكوومەت و دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەت و هەموو نێردە دیپلۆماسییەكان. هاوكات داوای دانبەخۆداگرتنی كرد.

ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری دۆخی عێراق بەهۆی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان، وەزارەتی پێوەندیكردنی عێراق تۆڕە كۆمەڵایەتییكانی بەشێوەیەكی ناتەواو لە سەرانسەری عێراق راگرت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل