"زانكۆ ئەهلییەكان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی دامەزران بەڵام سوود لە مامۆستای ئێمە دەبینن"

د. ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین
:: AM:09:00:03/10/2019 ‌
د. ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین، لەم دیمانەیەی "وشە"دا ئاماژە بە ساڵی نوێی خوێندنی زانكۆ دەكات و دەڵێ، بەپێی پلانی ئەمساڵی زانكۆكان، ڕێژەی وەرگرتن بەرز كراوەتەوە و زیاتر لە ڕێژەی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی دانراوە. باس لەوەیش دەكات، لە چەند ساڵی ڕابردوودا زانكۆ ئەهلییەكان نەبوونەتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و پێویستە تاقیگەی پێشكەوتوو دابنێن.

دەمەوێ‌ سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەم، پلانی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ ئەمساڵی خوێندن چییە؟ 
پلانی ئەمساڵی خوێندنمان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، بۆ ئەمساڵ شەش هەزار و 200 قوتابی لە كۆلیژ و بەشەكانی زانكۆی سەڵاحەدین وەردەگیرێن، چوار هەزار لەوانە بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت و ئەوانەی تر ڕاستەوخۆ لە كۆلیژی ڕاگەیاندن و هونەرە جوانەكان و پەروەردەی وەرزشی و زانستە ئیسلامییەكان چاوپێكەوتن دەكەن، جگە لەوەی هەزار قوتابیی تر پارالێل وەردەگیرێن، ئەویش دەوامی بەیانیانە كە 20%ی ئەو ڕێژەی قوتابیانە دەگرێتەوە.

شەش هەزار و 200 قوتابی لە كۆلیژ و بەشەكانی زانكۆی سەڵاحەدین وەردەگیرێن
یەكێكی تر لە پلانەكان خوێندنی ئێوارانە كە هەزار قوتابی وەردەگیرێن لە بەشەكانی زمان و مێژوو و جیۆگرافیا و كۆمەڵناسی و كارگێڕی، هاوكات لە كۆلێژی مامۆستایانی بنەڕەتی 200 قوتابی وەردەگیرێن، بۆیە كۆی قوتابیان لە شەش هەزار و 200 قوتابی نزیك دەبێتەوە.

ناتوانن لەو ڕێژەیە زیاتر وەربگرن؟
ئێمە لە پلانی خۆمان كەمتر لەو ڕێژەیەمان دانابوو، بەڵام لەسەر داوای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێژەكەی بەرز كرایەوە، بەڵام ناتوانین لەوە زیاتر لە هەموو پسپۆڕییەك قوتابیی زیاتر وەربگرین.

ئاستەنگەكانی بەردەم زانكۆی سەڵاحەدین بۆ ئەمساڵ چین؟
ساڵی ڕابردوو بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران، دەمانتوانی داهاتی خۆمان بۆ خۆمان خەرج بكەینەوە، بۆیە زۆر پێویستی هەبوو دەمانتوانی جێبەجێیان بكەین، بەڵام بۆ ئەمساڵ حكوومەت دەیەوێ‌ تەواوی داهاتەكان بخاتەوە ژێر بڕیاری وەزارەتی دارایی، ئەوەیش ڕەنگە كێشە بۆ پێویستییەكانی زانكۆ دروست بكات، لەگەڵ ئەوەی ئاستەنگی گەورەی ئێمە كەمپی زانكۆیە كە تا ئێستە كەمپێكی سەردەمییانەمان نەبووە، بەڵام كێشەی كەمیی مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین چارەسەر كراوە، جگە لە كەمی هەندێك پسپۆڕی نەبێت.

پلانی كردنەوەی هیچ بەشێكی نوێ‌ هەیە لە زانكۆی سەڵاحەدین؟
بەشی زمانی چینی وەك بەشێكی نوێ‌ دەكرێتەوە، ئەوە بە هاوكاری كونسوڵگەی چین بەڕێوە دەچێت و تا ئێستە دوو مامۆستایان بۆ دابین كردووین، لەگەڵ كردنەوەی بەشی پێوەندی نێودەوڵەتی بە زمانی ئینگلیزی، بەشی زمانی چینی 25 قوتابی وەردەگرێت و مامۆستای كوردمان بۆ ئەو بەشە نییە.

زانكۆی سەڵاحەدین تا ئێستە لە ڕیزبەندی زانكۆكان نەگەیشتووەتە پلەی یەكەم، بۆ ئەمساڵ پێشبینیتان چییە؟
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە زانكۆكانی ترەوە وەرمانگرتووە، پێشبینی دەكەین بەبێ‌ ڕكابەر لە پێشەوەی تەواوی زانكۆكانی كوردستانەوە بین و بچینە گرووپی "ئەی" كە تا ئێستە هیچ زانكۆیەك نەچووەتە ئەو گرووپە.

ئایا زانكۆی كۆیە و سۆران و ئەوانەی لە دەوروبەری هەولێرن، كاریگەرییان خستووەتە سەر زانكۆی سەڵاحەدین؟
بۆ دامەزراندنی زانكۆی كۆیە و سۆران و زانكۆی پزیشكی لە هەولێر، خۆمان بەشێك بووین لە پرۆسەكە و ئێستە گەیشتوونەتە شوێنێكی باش لە ریزبەندی نیشتمانی، بەڵام كێشەی ئێمە لە زانكۆی سەڵاحەدین ئەوەیە كەمپێكی مۆدێرنمان نییە وەك زانكۆكانی تر، بۆیە دووپات لەسەر دروستكردنی كەمپێكی مۆدێرن دەكەینەوە، سەرباری ئەوەی بەشی پزیشكیمان لێ‌ جیا كراوەتەوە بە بڕیارێك، داوا دەكەین ئەو بەشە بخرێتەوە سەر زانكۆی سەڵاحەدین، چونكە كاریگەری زۆری دەبێت، لە دهۆك و سلێمانی كۆمەڵی پزیشكی و كەمپی زانكۆی مۆدێرن هەن، زانكۆی سەڵاحەدین هیچ لەوانەی نییە و ڕكابەریان دەكات.

زانیاریی هەیە كە كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین كەی تەواو دەكرێ‌؟
نەخشەسازیی كەمپەكە و ماستەرپلانی ئامادەن و لە پلانی چوار ساڵی داهاتوو وەك یەكەم پڕۆژە ئاماژەی پێ كراوە، ئەگەر بودجەی تەواو هەبێت، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین تەواو دەكرێ‌. 
ماوەیەك لەمەوبەر هەوڵمان دا ئەو بنكانەی ئێستە تێیداین وەك وەبەرهێنان بەكاری بێنین، بەڵام هێشتا بەتەواوی لەسەر ئەوە نەگەیشتووینەتە دوا بڕیار.

هەر قوتابییەك نمرەكەی 60 كەمتر بێت لە زانكۆی حكوومی وەرناگیرێ‌
ئەگەر ئاستی زانستیتان باشە، بۆچی قوتابیان دەچنە زانكۆی ئەهلی؟
ئەو پلانەی ئەمساڵ بۆ زانكۆ حكوومییەكان دانراوە، ڕێژەی زیاترە لەو قوتابیانەی لە پۆلی 12ی ئامادەیی دەردەچن، لە زانكۆ حكوومییەكان شوێنی هەموو قوتابیان دەبێتەوە، مەگەر ئەوانەی نمرەكانیان لەو ئاستە نییە لە زانكۆی حكوومی وەربگیرێن، هەموو قوتابیان نمرەی ئەوەیان نییە لە زانكۆ حكوومییەكان وەربگیرێن، ئەمساڵ لە 60 نمرە كەمتر لە زانكۆی حكوومی وەرناگیرێن و دەبێ بچنە زانكۆی ئەهلی، لەگەڵ ئەوەی ناتوانین بڵێین زانكۆ ئەهلییەكان ئاستی خوێندنیان بەرز كردووەتەوە، هیوادارین بتوانن ئاستی زانستی بەرز بكەنەوە، ئەوان بۆ ئەوە دامەزراون تاقیگە و مامۆستای ئاستبەرز بێنن، هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوو زانكۆ ئەهلییەكان سوودیان لە مامۆستایانی زانكۆ حكوومی وەرگرتووە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم