بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ قژیان بچێننه‌وه‌

:: PM:08:50:03/10/2019 ‌


چاندنی قژ بریتییە لە گواستنەوی قژ بە رەگەوە لە پشتەوەی سەر بۆ ئەو شوێنەی كە دوچاری رووتانەوە بووە، ئه‌مه‌ش ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ بووه‌ به‌ دیارده‌، هه‌ندێك كه‌س له‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی كردوویانه‌ زۆر ڕازین و هه‌ست به‌ دڵنیایی ده‌كه‌ن، هه‌ندێك كه‌سیش به‌ ته‌واوی له‌ شێوه‌ی چاندنه‌وه‌كه‌یان ڕازی نین، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ بكه‌ن، هه‌میشه‌ له‌ دوودڵیدا بن، چونكه‌ نازانن ئه‌وه‌ی ئه‌وان باش ده‌رده‌چێ یان نا، له‌ ڕێی ئه‌م ڕاپۆرته‌وه‌ هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌زانیت.

سه‌ره‌تا
چاندنی قژ لە زۆربەی حاڵەتەكاندا لەژێر بەنجی خۆجێیدا ئەنجام دەدرێت، پاش نەشتەرگەری چاندنی قژ هەست بە ئازار دەكەیت لە پێستی سەردا، بۆیە پێویستە كە درەمانی دژەئازار بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەكاربێنیت، هەروەها بەكارهێنانی دەرمانی دژی هەوكردن و دەرمانی دژەژی بۆ رێگرتن لە هەوكردن بە میكرۆب. زۆربەی ئەو كەسانەی كە نەشتەرگەری چاندنی قژیان بۆ دەكرێت، دەتوانن پاش چه‌ند رۆژ بگەرێنەوە سەر كار و پیشەی خۆیان و به‌ گشتی دوای نۆ مانگ به‌ ته‌واوی ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێ.

جۆرەكانی چاندنی قژ:
یەكەم: دەستكرد
ئەمە كۆنترین جۆری قژ چاندنەوەیە كە تاڵی دەستكرد لەو شوێنانە دادەنرێ كە پێویستی بە چاندنەوەیە، واتە ئەو تاڵانە بەشێك نین لە قژی خۆت.
خراپی ئەم ڕێگەیە لەوەدایە:
- لەكاتی چاندنەكە تا هەفتەیەك نابێ سەرت بشۆی.
- درێژیی مووەكە لە 10-12سم زیاتر نییە.
- هیچ جۆرە بۆیاخێك ناكرێ.
- ئەگەری هەیە زیان بە پێستەكەت بگەیەنێ، چونكە تەنێكی نامۆی لێ چەقێنراوە.

دووەم: سروشتی/ بڕین
ئەمەیان ڕێگەیەكی كۆنترە لە ڕێگەی یەكەم، بەڵام هێشتا بەشێك لە پزیشكەكانی ئەو بوارە هەر ئەمەیان بەكار دەهێنن كە بریتییە لە بڕینی چەند سانتیمەترێك لە پێستی ئەو شوێنانەی كە قژی پێوەیە بە ڕەگەوە، پاشان چاندنی ئەو پارچە بڕاوە لەو شوێنەی كە پێویستی پێیەتی.
خراپیی ئەم ڕێگەیە لەوەدایە:
- پێویستی بە دوورینەوەی ئەو شوێنەیە كە پارچەكەی لێ كراوەتەوە، ئەمەش دەبێتە نەشتەرگەری و بەگشتی تا خۆت لە نەشتەرگەری بەدوور بگرین باشترە.
- ماوەیەكی دەوێ تا شوێنەكە چاك دەبێتەوە.
- لە سێ بۆ شەش مانگ، شێوەی دەموچاو دەشێوێ، چونكە بەهۆی ڕاكێشانی پێستی سەرەوە تا بدرێتەوە لەیەك و بدوورێتەوە، ناوچەوان ڕادەكێشێ.

سێیەم: سروشتی/ هەڵكێشان fue
ئەم جۆرە كە نوێترین داهێنانی ئەو بوارەیە مۆڵەتی بەكارهێنانی درابێ، بریتییە لە هەڵكێشانی موو لە ڕەگەوە، تاڵ تاڵ، لە پشتەوەی سەر بۆ پشتەمل تا هەردوو گوێیەكان، پاشان چاندنی لەو شوێنانەی ڕووتاوەتەوە لە 500 تاڵەوە تا دەگاتە حەوت هەزار تاڵ، بەپێی پێویستی كەسەكە، ئەمەش باشترین ڕێگەیە كە تا ئێستە دۆزرابێتەوە و لە دنیادا بە ملیۆنان كەس ئەنجامیان داوە.
خراپیی ئەم ڕێگەیە لەوەدایە:
- لەكاتی هەڵكێشان و چاندنی تاڵە مووەكان، هەست بە ئازار دەكەی.
- زۆرێك لەو قژەی كە چاندووتە، هەڵدەوەرێن.
- ماوەی سێ بۆ شەش مانگی دەوێ تا هەست بە گۆڕانكارییەكان بە باشی بكەیت و دوای یەك ساڵ، ئینجا دەگات بە ئەنجامی پێویست.
- هەر پابەند نەبوونێك بە ڕێنمایییەكانی پزیشك، سوودی چاندنەوەكە لاواز دەكات.
- بۆ ماوەی 15 ڕۆژ تا مانگێك، نابێ هیچ جۆرە وەرزشێك بكەیت.
- ماوەی 15 ڕۆژ نابێ سەرت بشۆی.
- بۆ ماوەی هەفتەیەك نابێ سێكس بكەی.
- ماوەی زیاتر لە مانگێك نابێ سەرت بەر تیشكی هەتاو بكەوێ.

بەگشتی، ئەگەرچی پێویستە هێشتا زانست بگاتە ئاستێكی باڵاتر لەو ڕووەوە، تا ئەو كەسەی دەیەوێ قژی بڕوێنێتەوە، پێویستی بە ماندووبوونی زۆر نەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێگەی سێیەم باشترینە، چونكە تەنانەت ئەو تاڵانەش كە دەڕووتێنەوە، بەهۆی ئەوەی ڕەگەكەی چێنراوە، دوای سێ مانگ دێنەوە. بەڵام ئەوەی جێی بێزاركردنی ئەوانەیە كە چاندنەكەیان كردووە، ئەو هەموو پابەندبوونەیە بە ڕێنمایییەكانەوە.

ئاگەداری:
پێویستە ئەو كەسەی قژی دەڕوێنێتەوە، لە كوردستان بێت یان دەرەوەی وڵات، بچێتە لای پزیشكی پسپۆڕی ئەو بوارە، چونكە بەشێكی زۆر لەو سەنتەرانەی كە قژ دەڕوێننەوە، پزیشك نایكەن و هیچ بڕوانامەیەكیان لەوبارەیەوە نییە. بە پارەیەكی هەرزانتر دەیكەن، بەمەش زۆر كەس تێ دەكەوێ و دواتر هیچ دەرئەنجامێكی باشی نابێ. 



وشە - كوردۆ شابان