له‌وكاته‌ی حه‌سه‌ن عه‌له‌وی سیاسه‌توانی دیاری عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له عێراق دۆخه‌كه بۆ شیعه و كورد كێشه‌ی نییه، موئه‌یه‌د جحێشی شرۆڤه‌كاری سوننه دووپاتی ده‌كاته‌وه، له دوای 2003وه سوننه دووچاری پاكتاوكردن بوونه‌ته‌وه و تا ئێسته چاره‌نووسی زیاتر له ده‌یان هه‌زاریان نادیاره.
به ددانپێدانانی سیاسه‌توانان و شاره‌زایانی سوننه و شیعه، ئه‌و ململانێ تایفییه‌ی له نێوانیان هه‌یه زۆر قووڵه تا ئاستی پاكتاوی یه‌كتر، ململانێی ئه‌وان له‌سه‌ر گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته له عێراق، بۆیه له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق تا ئێسته ماوه‌ته‌وه و وه‌ك هه‌ستێكی قه‌تیسبووه.
دوای 2003 هه‌ڵبژاردن كرا و هه‌ریه‌ك له شیعه و كورد مافی خۆیان وه‌رگرت و سوننه زیانیان كرد.
به‌ر له 2003 سوننه كۆنترۆڵی حكوومه‌تیان كردبوو، دوای ئه‌وه‌یش شیعه، ئێسته‌یش بۆ گۆڕانی دۆخه‌كه ده‌بێ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی ناوچه‌یی روو بدات، ئه‌گینا سوننه له مه‌ترسی گه‌وره‌دان و عێراق له دابه‌شبوون نزیكتره له‌وه‌ی سوننه و شیعه پێش كورد و عه‌ره‌ب بتوانن عێراق به یه‌كگرتوویی بهێڵنه‌وه.
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی سیاسه‌توانی به ئه‌زموونی عێراق، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، به بۆچوونی شیعه‌ی عێراق، وای داده‌نێن سوننه له‌وه‌ته‌ی عێراق سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرتووه له 1921 پشكی گه‌وره‌یان له حكووم بردووه و پشكی شیعه له حكوومه‌ت 20%ی تێپه‌ڕ نه‌كردووه، له‌وكاته‌ی سوننه به عه‌ره‌ب و كورده‌وه 80%یان بردووه.
ئاماژه‌ی دا "وه‌ك دیاره ئێسته سیاسه‌توانانی شیعه ده‌ڵێن پشت به یاسای زۆرینه ده‌به‌ستین، به‌و پێیه‌ی خۆیان زۆرینه‌ن و په‌رله‌مانی عێراق بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و زۆرینه ده‌دات كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن دروست بووه، بۆیه شیعه ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌گرتووه، به‌ڵكو پێشتر ده‌ستگرتن هه‌بوو كاتێك كه‌مینه‌ی سوننه ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتبوو، بۆیه ده‌ڵێن ئێمه به هه‌ڵبژاردن فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ین".
عه‌له‌وی كه خۆیشی شیعه‌یه‌كی بیركراوه‌یه، زیاتر گوتی، ئه‌وه‌ی له دوای 2003 رووی دا، بریتی بوو له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن كرا و هه‌ریه‌ك له شیعه و كورد مافی خۆیان وه‌رگرت، له به‌رانبه‌ردا سوننه زیانیان كرد و له فه‌رمانڕه‌واوه گۆڕان بۆ فه‌رمان له‌سه‌ركراو، چونكه كه‌مینه‌ن.
"له ده‌وڵه‌ته دیموكراسییه‌كان شتێك نییه به‌ناوی زۆرینه و كه‌مینه‌ی تایفه‌یی، به‌ڵكو پارت هه‌یه وه‌ك كرێكاران و پارێزگاران، له عێراق كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه وه‌ك سوننه و شیعه و عه‌ره‌ب و كورد چووینه ناو دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن و سندووقی ده‌نگدان، ئه‌ویش ئه‌و ئه‌نجامه‌ی پێ به‌خشین، كه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كه به مه‌به‌ست كرا، كاتێك گه‌لی عێراقیان دابه‌شی پێكهاته‌كان كرد" عه‌له‌وی وای گوت.
دووپاتی كرده‌وه كه عێراق له 1921ه‌وه تا 2003 ئه‌و قه‌تیسبوونه تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ی هه‌ر هه‌بووه و ره‌نگه هه‌ر به‌و شێوه‌یه بمێنێته‌وه تا بازدانێك روو ده‌دات و دۆخه‌كه ده‌گۆڕێت، دۆخی عێراق بۆ شیعه و كورد خراپ نییه و زۆرباشه، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كیش ده‌وه‌ستێته سه‌ر به‌هێزیی حكوومه‌تی عێراق كه ئه‌گه‌ر لاواز بێت، ده‌ستوه‌ردانی زۆر ده‌كرێت.
به‌ده‌ر له‌وه‌ی دۆخه‌كه بۆ شیعه باشه وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی هه‌یه ئاساییه نه‌ك حوكمی پێشوو، سوننه پێیان وایه له عێراق دووچاری پاكتاوێكی رێكخراو بوونه‌ته‌وه و پێویسته له‌گه‌ڵ كورد رێككه‌وتن بكه‌ن و پاڵ به كورده‌وه بده‌ن، ئه‌گه‌رنا وه‌ك ئه‌رمه‌نه‌كانیان لێ دێت.
موئه‌یه‌د جحێشی شرۆڤه‌كاری ستراتیجی سوننه، بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه ئێران ده‌یه‌وێ به هه‌نگاو عێراق وێران بكات و له دوای 2003ـه‌وه ده‌ستی به كاركردن له‌و باره‌یه‌وه كردووه.
به‌گوته‌ی جحێشی "چه‌ندان سه‌ركرده‌ی نیشتمانی كوشت و له رێی گرووپه چه‌كداره شیعه‌كانه‌وه ده‌ستی به راگواستنی سوننه كرد، جه‌نگی تایفی دروست كرد و سوننه‌ی له هه‌ڵبژاردنی 2005 بێبه‌ش كرد، به‌وه‌ش شیعه بووه زۆرینه، جیا له‌وه دزه‌ی كرده ناو كایه گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌تایبه‌تی سه‌ربازی و ته‌ناهی سوننه‌ی دوور خسته‌وه، به‌هه‌مانشێوه له وه‌زاره‌تی ناوخۆییش".
ئه‌و لێكۆڵه‌ره روونی كرده‌وه، ئێران هاوكات كاری له‌سه‌ر كڕینی سه‌رانی سوننه كرد و سه‌حوه‌كانی بۆ دامه‌زراندن و به‌وانه له سوننه ناڕازییه‌كانی دا، ئه‌وكاته‌ی سوننه رژانه ناو گۆڕه‌پانه‌كانی ناڕه‌زایی له ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا، سه‌ركوت كران. دوای ئه‌وه داعشیان هێنا و پارێزگا سوننه‌كانی داگیر كرد و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره و سه‌رشۆڕ كرد و له زۆر شت بێبه‌شی كردن، راسته‌وخۆ دوای ئه‌وه حه‌شدی شه‌عبی شیعه هاته دامه‌زراندن كه زیاترین سوننه‌یان كوشت، شاره‌كانیانی وێران كرد به پاساوی ئازادكردنی ناوچه‌كانیان.
لای خۆیه‌وه، موزاحم حوێت گوته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌بییه‌كانی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، به"وشه"ی راگه‌یاند، له دوای 2003وه داهاتووی عێراق به‌ره‌و نادیاری و پێكهاته‌ی سوننه‌ش به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت، به‌هۆی ئه‌و تاوانانه‌ی له به‌رانبه‌ریان ده‌كرێت و به‌ته‌واوه‌تی فه‌رامۆش كراون.
له‌باره‌ی جۆری تاوانه‌كان، حوێت ده‌ڵێ "سوننه له‌لایه‌ن رێكخراوه تیرۆریستی و میلیشیا شیعه‌كانه‌وه دووچاری تاوانكاری هاتنه‌وه، ئه‌و سه‌ركرده تایفیانه‌ی له 2006-2007 تاوانیان ئه‌نجام دا، ئێسته سه‌ركرده‌ی دیارن و به‌رده‌وامن له تاوانكاری، بۆیه ئێسته سوننه ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی ماوه پاڵپشتیمان بكه‌ن".
زیاتر گوتی، ئه‌و هاوپه‌یمانی كوردستانییه‌ی له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان پێكهاتووه، ژماره‌یه‌كی زۆر عه‌ره‌بی سوننه پاڵپشتی ده‌كه‌ن، چونكه داهاتووی سوننه هاوپه‌یمانیكردنه له‌گه‌ڵ كورد و ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ن، داهاتوویان روو له نادیار و هه‌ڵدێره وه‌ك چۆن له دوا هه‌ڵبژاردن كه هاوپه‌یماێتییان له‌گه‌ڵ هێزه شیعه‌كانی سه‌ر به ئێران كرد، ئه‌وان به‌و شێوه‌یه ده‌نگی عه‌ره‌بی سوننه‌یان بۆ خۆیان برد. ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بی سوننه یه‌ك نه‌گرن، وه‌ك ئه‌رمه‌نه‌كانیان لێ دێت ئه‌وكاته‌ی له توركیا راگواستران.