هه‌موو وه‌رزێكی زستان حكوومه‌تی فیدراڵ نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ڕاستی عێراق دابه‌ش ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سوته‌مه‌نی بۆ گه‌رمكردنه‌وه كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرن، ئه‌مساڵیش گه‌یشتنی نه‌وت له به‌غداوه بۆ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڕه‌كه‌ی زۆر كه‌مه و ناگات به ته‌واوی ناوچه‌كه، ئێسته‌ش یه‌كێك له هۆكاره‌كانی نه‌گه‌یشتنی نه‌وتی سپی بۆ كوردستان ئاشكرابوو، كه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبین.
یاسین عه‌لی هاووڵاتییه‌كی سنووری گه‌رمیان بۆ "وشه" گوتی، مانگێكه چاوه‌ڕوانین نه‌وت بگاته ناوچه‌كانی ئێمه، به‌ڵام تا ئێسته نه‌وتی سپی نه‌گه‌یشتووه و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش بڵاوبووه‌ته‌وه كه ڕێگری له هاتنی نه‌وتی سپی بۆ ناوچه‌كانی كوردستان ده‌كرێت، به‌وهۆیه‌وه نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی سپی له ناوچه‌كان بۆ 140 هه‌زار دینار به‌رز بووه‌ته‌وه.
چه‌ند شوفێرێكی تانكه‌ری نه‌وت كه له دیاله‌وه نه‌وت بۆ گه‌رمیان ده‌گوێزنه‌وه به "وشه"یان ڕاگه‌یاند، میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له ڕێگه كه تانكه‌ری پڕ نه‌وتیان پێیه و بۆ گه‌رمیان دهیگوزانهوه، ڕێگرییان لێ ده‌كرێ، ئه‌وان ده‌ڵێن كه چه‌كدارانی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی داوای پاره ده‌كه‌ن و كۆسپ و ته‌گه‌ره بۆ ده‌ربازبوونی تانكه‌ره‌كان و گه‌یشتنیان به ناوچه‌كانی كوردستان، به‌وهۆیه‌وه نه‌وت دوا ده‌كه‌وێ و نرخه‌كه‌ی به‌رزتر ده‌بێته‌وه.
ئاماژه‌یان دا، به‌رپرسانی یه‌كه كارگێڕییهكانیان له‌و كێشه‌یه ئاگه‌داركردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ن ئه‌و ڕێگری و كۆسپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌رده‌میان نه‌مێنێت، چونكه جاری وا هه‌یه، میلیشیاكان دوو رۆژ و دووشه‌و ڕامان ده‌گرن و ڕێگه ناده‌ن بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كوردستان و نه‌وت بهێنین.
شه‌هاب ئه‌حمه‌د قایمقامی شارۆكه‌ی كه‌لار له‌وباره‌وه بۆ "وشه" گوتی، ئێمه هه‌وڵی ڕژدمان داوه، تا چیتر حه‌شدی شه‌عبی ڕێگه له شوفێران نه‌گرن كه نه‌وتی سپی بۆ هاووڵاتییان ده‌هێنن، به وردیش نازانین كام گرووپی نێو حه‌شدی شه‌عبین ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان گرووپی زۆریان تێدایه و ڕوون نین.
گه‌رمیان/سه‌بری هۆرینی.