چوار مانگ به‌سه‌ر ئاڵوگۆڕى پۆسته‌كانى پارێزگاى سلێمانى تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌نجوومه‌نه‌كه ته‌نیا دوو كۆبوونه‌وه‌ى كردووه، به‌شێك له ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه داواى كۆبوونه‌وه‌یان كردووه، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌ن كۆ نابێته‌وه. ئه‌وان ده‌ڵێن، به‌هۆى چاره‌سه‌رنه‌بوونى كێشه‌كانه‌وه، له كۆبوونه‌وه و چالاكى سارد بوونه‌ته‌وه.
غالب محه‌مه‌د، سه‌رۆكى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، "نازانین هۆكارى كۆنه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى چییه له كاتێكدا چوار مانگه ته‌نیا دوو جار كۆ بووینه‌ته‌وه".
لێدوانه‌كه‌ى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له فراكسیۆنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌كاتێكدا دێت كه پێش له چوار مانگ به رێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتیى نیشتمانى و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان پۆسته‌كانى پارێزگاكه له نێوان هه‌ردوو حزبدا ئاڵ‌وگۆڕیان پێ كرا.
محه‌مه‌د ده‌ڵێ، "چه‌ندان جار داواى كۆبوونه‌وه له سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌ن ده‌كه‌ین، به‌ڵام كۆبوونه‌وه ناكرێت، سه‌رۆكایه‌تى لیژنه‌كانیش ده‌یانه‌وێت كۆبوونه‌وه بكرێت، چونكه وه‌رزى هاوینمان له پێشه، كێشه‌ى ئاو ڕوو ده‌كاته شاره‌كه، كێشه‌ى ته‌ندروستیمان هه‌یه، كێشه‌ى كاره‌بامان هه‌یه، ده‌بێت كۆ ببینه‌وه".
ئه‌ندامه‌كه‌ى فراكسیۆنى گۆڕان زیاتر ده‌ڵێ، "ئێمه داوا له سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌ن ده‌كه‌ین بۆ كۆبوونه‌وه، ئه‌گه‌ر داواكه په‌سه‌ند نه‌كرا، ئه‌وا ناچار ده‌بین واژۆ كۆ بكه‌ینه‌وه بۆ كۆبوونه‌وه، چونكه چه‌ندان بابه‌ت هه‌یه ده‌بێت قسه و باسیان له‌سه‌ر بكرێت".
فه‌رهاد تۆفیق، سه‌رۆكى فراكسیۆنى سۆسیالست دیمو‌كراتى كوردستان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، "هۆكارى ئه‌نجام نه‌دانى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌ن پێوه‌ندى به پرس و بابه‌ته‌كان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌ن به‌رنامه و ئه‌جێندایه‌كى نه‌بێت كۆ نابێته‌وه، دیاره ئه‌و به‌رنامه‌یه دروست نه‌بووه".
باسى له‌وه‌ش كرد، "تا ئێسته له لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌ن بابه‌تێك گه‌ڵاڵه نه‌بووه بۆ كۆبوونه‌وه تا كۆ ببینه‌وه، كۆبوونه‌وه‌كان به‌پێى پێویست كراون، مه‌رجیش نییه هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ئه‌نجوومه‌ن كۆبوونه‌وه بكات، ئه‌گه‌ر پێویست بكات ڕۆژانى سێشه‌م كۆبوونه‌وه ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بابه‌تیش نه‌بوو كۆ نابینه‌وه".
سه‌رۆكى فراكسیۆنى سۆسیالست ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو، "له دواى ئاڵوگۆڕى پۆسته‌كانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا له كۆبوونه‌وه‌ى 25ى ئابى 2016دا، كه كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى سیاسى و یاسایى و كارگێڕى به‌دواى خۆیدا هێناوه، ئه‌و كێشانه له پارێزگا و ئه‌نجوومه‌نیش هه‌ن، بابه‌تى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن كه پێشتر ئه‌كره‌م شه‌ریف بوو هێشتا وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌ند داواى تێهه‌ڵچوونه‌وه كراوه، بۆ گه‌ڕانه‌وه یان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى جێگرى پێشوو".
زیاتر ده‌ڵێ، "گرفتى پارێزگاریش كه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌نجوومه‌ن خۆیان كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر كرد كه ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌نجوومه‌ن بوو، بۆیه جۆرێك له ساردبوونه‌وه و بێ هیوایى ڕووی كردووه‌ته ئه‌نجوومه‌ن، له‌و دۆخه‌ى ئێسته‌ش كه زۆربه‌رى بابه‌ته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌نگژه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌ن نییه، بۆیه كۆبوونه‌وه ناكرێت".
لاى خۆیه‌وه، مه‌هدى مه‌حموود، سكرتێرى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى سه‌ر به فراكسیۆنى خزمه‌ت له لیستى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، ئه‌نجام نه‌دانى كۆبوونه‌وه ئاسایییه، به‌ڵام پێویست ده‌كات بۆ چه‌ند پرس و بابه‌ت و كێشه‌یه‌كى گرنگ كۆ بێته‌وه، تا سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌ن كۆبوونه‌وه‌ى بۆ ساز بكات، "به‌ڵام لیژنه‌كان ئیشى خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بابه‌تێك پێویستى به بڕیار بوو، ئه‌وكات ئه‌نجوومه‌ن داده‌نیشێت بۆ بڕیاردان".
ئه‌نجوومه‌نى نوێى پارێزگاى سلێمانى له 30ى نیسانى 2014 هه‌ڵبژێردراوه، یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان زۆرینه‌ى كورسییه‌كانیان مسۆگه‌ر كرد، دواتر رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پۆسته‌كانى پارێزگار و جێگر و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن به‌شێوه‌ى دوو ساڵ به دوو ساڵ به‌ڕێوه ببه‌ن.
سلێمانى- هۆشیار عه‌لى