گەزیزە گەردی: لە منداڵییەوە چاوم بە گۆرانی و هونەر كراوەتەوە

:: AM:11:58:07/10/2019 ‌
گۆرانیبێژ و موزیسیان گەزیزە گەردی دەڵێ، ساڵی 2005 هاتوومەتە ناو دنیای هونەر و بنەماڵەكەم ناوەندێكی هونەرییان هەیە بە ناوی گەردی مێدیا كە لە زۆربەی كار و چالاكییەكانی ئەوان بەشداریم كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تشرینی یەكەم، گەزیزە گەردی بۆ "وشە" باس لە كارە هونەرییەكانی دەكات و ڕای دەگەیەنێت، خاوەنی ئەلبوومێكم بە ناوی "دیدار" كە لە شەش تراك پێكهاتووە، موزیك و تێكستەكانی لەلایەن سمكۆ گەردی دانراون و هێدی گەردیش كاری دابەشكردنی موزیكەكەی كردووە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بنەماڵەكەم ئازادیی زۆریان بە من داوە و هەرچەندە ئێستە لە ئەوروپا دەژیم، بەڵام خێزانەکەم هەموو ئازادییەكیان بۆ ڕەخساندووم، بەداخەوە لە كۆمەڵگەی كوردیدا خەڵكانێكی خاوەن بەهرە و زیرەك هەن، بەڵام بە ناچاری حەزەكانیان لە ناخیاندا دەكوژن.

لە كۆمەڵگەی ئێمە خەڵكانێكی خاوەن بەهرە و زیرەك هەن، بەڵام بە ناچاری حەزەكانیان لە ناخیاندا دەكوژن

"لە هەموو كارێك تووشی سەختی و نەهامەتی دێیت، بە تایبەتی كاركردن لەناو خەڵكانێك كە ئاستی زانیاری و ڕوانینیان بۆ هونەر لاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەرهەمێكی هونەری كە ئامادە دەكەیت، ماندووبوونێكی زۆری دەوێت و  لەڕووی دارایی و مەعنەوی تووشی كێشەی زۆر دەبیت، بەڵام دەبێت بەردەوام بیت لەگەڵ هەموو ئەم كێشانەی لە ژیانی كاركردنتدا ڕووبەڕووت دەبنەوە" گەزیزە گەردی وای گوت.

ئەو گۆرانیبێژە دووپات لەوە دەكاتەوە، لە منداڵییەوە چاوم بە موزیك و گۆرانی كراوەتەوە و هەر ئەمەش وای كردووە بچمە ناو دنیای هونەرەوە و پاشان گوێم بە ڕیتم و گۆرانی و مەقامە كوردییەكان ئاشنا بووە، سوپاسی خێزانەكەم دەكەم كە هەمیشە پشتگیرییان لە كارەكانم كردووە.

گەزیزە گەردی لە باشووری كوردستان لە دایك بووە و بنەماڵەكەی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن. وەك خۆی ئاماژەی پێ دەدات 14 ساڵە هاتووەتە ناو دنیای هونەر و هەرچەندە بەرهەمی كەمە، بەڵام گوێگرێكی باشی هەیە و بەرهەمەكەی لەلایەن خەڵكەوە پێشوازییەكی باشی لێ كراوە.

هەولێر/ گەرمیان گلی






وشە - هیدایه‌ت جان