دوای 33 ساڵ چاوەڕوانی پشكنینی دی ئێن ئەی دەكەن

:: PM:05:12:07/10/2019 ‌
خانەوادەیەكی گەرمیان بۆ سەلماندنی ئەوەی ڕووفاتێكی پێش 33 ساڵ نەوەی ئەوانە پشكنینی "دی ئێن ئەی"ـیان ئەنجام دا و ئێستە لە چاوەڕوانیدان.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، دیاری سەمەد برای قوربانییەكە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە سلێمانی پشكنینی "دی ئێن ئەی" بۆ كراوە بۆ ئەوەی بزانرێت كە هاوتا بێ لەگەڵ تەرمی براكەم داود سلێمان.

پێیان گوتین دەبێ پشكنینی دی ئێن ئەی بكرێ تا بەتەواوی دڵنیان ببنەوە
ڕوونیشی كردەوە كە براكەم لە 1986 لەلایەن رژێمی لێخراوی بەعسەوە شەهید كرا و دواتر تەرمەكەی شاردرایەوە، بەڵام بەرێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان، پێیان گوتین دەبێ پشكنینی دی ئێن ئەی بكرێ تا بەتەواوی دڵنیان ببنەوە. هەروەك ئاماژەی بەوەیش كرد كە دوای 33 ساڵ ئێستە لە چاوەڕوانی پشكنیندان.

لای خۆیەوە جەبار عومەر، بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەوان مامەڵە لەگەڵ  پشكنینی پزیشكی دی ئێن ئەی دەكەن نەك گوتەی شایەتحاڵ و خانەوادە.

رۆژی دووی ئەم مانگە لە گوندی كارێزی سنووری كفری رووفاتی كەسێك دۆزرایەوە، خانەوادەی سەمەد هۆمەرملی لە سنووری كفری دەڵێن داودی كوڕی ئەوانە و لە 1986 رژێمی لێخراوی بەعس شەهیدی كردووە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌