هه‌ناردنی غازی ئێران بۆ عێراق ده‌ست پێ ده‌كات

:: PM:03:49:21/01/2017 ‌
به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری نه‌وتی ئێران، سێشه‌می داهاتوو بۆڕیی گواستنه‌وه‌ی غازی ئێران بۆ عێراق ته‌واو ده‌بێت و پرۆسه‌ی هه‌ناردنی غاز بۆ عێراق ده‌ست پێ ده‌كات.

به‌پێی ئاژانسی "ته‌سنیم"ی ئێرانی بێژه‌ن زه‌نگه‌نه‌ وه‌زیری نه‌وتی ئێران دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ سێشه‌م لووله‌ی گواستنه‌وه‌ی غازی ئێران بۆ عێراق بكرێته‌وه‌ و هه‌ناردنی غاز بۆ عێراق ده‌ست پێ بكات.

له‌ 2009 هه‌ردوو لایه‌نی عێراق و ئێران واژووی یاداشتێكی لێكگه‌یشتنیان كرد كه‌ دواتر بۆ رێككه‌وتننامه‌یه‌ك په‌ره‌ی پێ درا به‌و پێیه‌وه‌ ئێران 20-25 ملیۆن مه‌تر سێجا غاز بۆ عێراق هه‌نارده‌ ده‌كات.

له‌ تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردووش رێككه‌وتننامه‌ی دووه‌م له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات واژوو كرا بۆ گواستنه‌وه‌ی 25-40 ملیۆن مه‌تر سێجا له‌ غازی ئێران بۆ دابینكردنی پێویستییه‌كانی سووته‌مه‌نی وێستگه‌ی شه‌تولعه‌ره‌ب له‌ به‌سڕه‌. 

بڕیار بوو كه‌ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی ئێران بۆ عێراق له‌ 2013 ئه‌نجام بدرایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هۆكاری ته‌ناهی و دۆخی عێراق، نه‌توانرا ئه‌و كاره‌ بكرێت، له‌ دوو مانگی رابردووش دوای وتوێژێكی چڕ، هه‌ردوو وڵات گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆڕییه‌ له‌م مانگه‌دا و ده‌ستكردن به‌ هه‌ناردنی غازی ئێران بۆ عێراق.

سه‌رچاوه‌: مه‌وازین نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل