ئێران تەنگژەی ئابووری عێراق قووڵتر دەكات

:: PM:09:12:08/10/2019 ‌

لە دوای 2003ەوە ئابووری عێراق دووچاری تەنگژەی دوای یەك دێتەوە، بەتایبەتی لە سایەی پشتبەستنی عێراق تەنیا بە داهاتی فرۆشتنی نەوت، ئەوە كێشەیەكی ناوخۆییە و پێوەستە بە دیدی ئابووریانەی بڕیار و فەرمانڕەواییكردنی وڵات، بەڵام وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئێران، رۆڵیان هەیە لە كۆنترۆڵكردنی ئابووری عێراق و كردنی بە تەنیا بازاڕێك بۆ كاڵاكانی خۆیان، لەوكاتەی عێراق هەموو بنەماكانی بوونی بە خاوەن ئابوورییەكی ناوخۆیی بەهێزی هەیە بە سوودبینین لەو سەرچاوە مرۆییە گەورەی هەیەتی.

میلیشیاكان عێراقیان كردووەتە گۆڕەپانی جەنگی بەوەكالەت بۆ ئێران
ماڵپەڕی "ئیندپێندنتی عەرەبی"، باسی ئەوە دەكات كە سەرەڕای بوونی یەدەگێكی گەورەی نەوت، هاووڵاتییانی عێراق بەدەست چەندان كێشە و تەنگژەی ئابوورییەوە دەناڵێنن، ئەوەش وای كردووە بێكاری و هەژاری و رێژەی كورتهێنان و گەندەڵی لە هەموو كایەكانی دەوڵەت لەوپەڕی بەرزیدا بێت، جیا لە بێتوانایی حكوومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران كە عێراقیان كردووەتە گۆڕەپانێكی جەنگی بەوەكالەت بۆ ئێران.

بەپێی دوا ئاماری دەزگای ئاماری ناوەندی لە بەغدا لە مانگی ئابی رابردوو رێژەی بێكاری لە نێوان گەنجانی عێراق گەیشتووەتە 22.6% و زیاتر لە 80%ی ژنان بێكارن، لەو كاتەی لە 2018 سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رای گەیاند كە تێكڕای بێكاری لە عێراق 40%ی تێپەڕ كردووە لە كۆی 37 ملیۆن كەس كە دانیشتوانی عێراقن، واتە 14.8 ملیۆن عێراقی بێكارن. لەوكاتەی ژمارەی كرێكارانی ئێرانی لە عێراق بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە دوای سزاكانی ئەمەریكا، زیادی كردووە. ئەوەش تەنگژەكە خراپتر دەكات بەهۆی ئەو كرێ كەمەی ئەوان وەری دەگرن و بەوە ركابەری عێراقییەكان دەكەن و بەوە ئەوان زیاتر هەلی كارەكان دەبەن. 

كرێكاری دەرەكی بەنیوەی كرێی دەستی كاری ناوخۆیی كار دەكەن
نەسیر ساعدی، بەڕێوەبەری كارگەی پلاستیك لە بەغدا ئاماژە دەكات، دۆخی ئابووری عێراق لەوەی ئێران كەمتر نییە لە رووی خراپییەوە و هۆكارەكەسی بۆ ئەو گەندەڵییە دەگەڕێتەوە كە لە كایەكانی دەوڵەت هەیە، هەروەها نەبوونی پلاندانان كە بووەتە هۆی رووخانی كەرتی تایبەت و ئەوەش كاری كردووەتە سەر دەستی كاری ناوخۆیی كاتێك زۆرینەی خاوەن كارگەكان بەدەست نەبوونی پارەی كاش و كەمفرۆشییەوە دەناڵێنن بەهۆی كۆنترۆڵكردنی بەرهەمی دروستكراوی دەرەكی بۆ بازاڕەكان، ئەوەش وای كردووە ئەوان بۆ كەمتێچوویی پشت بە كرێكاری دەرەكی ببەستن كە بەنیوەی كرێی دەستی كاری ناوخۆیی كار دەكەن و كاری زیاتریش دەكەن.

حوسێن عەبوودی هاووڵاتییەكە و خاوەنی پێنج منداڵە، ئاماژە دەكات كە لەو كارگەی كارم تیایدا دەكرد دەركرام و كرێكاری ئێرانیان هێنا شوێنم، بۆیە ئاخۆ كێ مافی ئێمە دەپارێزێت لەسەر خاكی خۆمان، بۆیە ئەگەر ئێرانییەكان لە دۆخێكی خراپن، عێراقییەكانیش لە دۆخێكی زۆر خراپترن، بۆیە نەهامەتی كرێكارانی باشووری عێراق ساڵانێكە بەهۆی كرێكاری بیانییەوە بەردەوامە، بەڵام هاتنی كرێكارێكی زۆری ئێرانی بەم دواییە دۆخەكەی زۆر شێواند. 

ئەوە لەو كاتەی ئێران هەوڵی زۆر دەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی كایەكانی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی عێراق و توانوویەتی هەنگاوی باش باوێت بەو ئاراستەیە و بەو شێوەی خوارەوە.  

*دەستگرتن بەسەر بازاڕ و وەبەرهێنانی ئابووری لە عێراق.

*كۆنترۆڵكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لە داعش ئازاد كرانەوە بەهۆی بۆردمانكردنیان كە ملیۆنان دۆلاری بۆ كۆمپانیاكانی ئێرانی دابین كردووە، بۆیە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی چنگیان لەو ناوچانە توند كردووە و ئەركی سەرەكیان پێدانی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەیە بە كۆمپانیاكانی ئێرانی.

*هاندان و هێنانی كارسازانی ئێران بۆ فرەوانكردنی دەسەڵاتی ئابووری ئێران بەسەر عێراق.

*كۆنترۆڵكردنی پرۆسەی هەناردنی نەوت بەتایبەتی لەو بیرە نەوتییانەی لەسەر سنوورەكانی عێراق و ئێرانن كە یەدەگی نەوت تیایاندا دەگاتە زیاتر لە 100 ملیار بەرمیل.  

*بەستنەوەی زۆرینەی بانكەكانی عێراق بە بانكەكانی ئێران كە لە عێراق هەن بۆ سەپاندنی چاودێری دارایی بەسەر بازاڕی دراو و سوودوەرگرتن لە زیادی دراوی بیانی و بردنی بۆ ئێران.

*هەناردنی بەرووبوومەكانی نەوت بۆ عێراق دوای لەناوبردنی پاڵاوگەی بێجی لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران و بەوەش هەناردنی ئەو بەرووبوومانەی گەیانە 50%.

*دوورخستنەوەی هەموو سەرمایەكانی بیانی تر جگە لە خۆی لە عێراق لەرێگەی هەڕەشە و ناچاركردن كە میلیشیاكان ئەنجامی دەدەن.

*سوودبینین لە عێراق بۆ خۆدەربازكردن لە سزا نێودەوڵەتییەكان لە رێگەی ئاسانكردنی مەرج و یاساكانی هاوردەكردنی كاڵاكانی بۆ عێراق بەشێوەیەك ئێستە كاڵای ئێرانی بازاڕەكانی عێراقیان پڕ كردووە.

*عێراق لە دابینكردنی كارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، جیا لە كۆمپانیاكانی گواستەوەی زەوینی و ئاسمانی كە زۆرینەی داهاتەكانیان بۆ ئێران دەچێت.

*كۆنترۆڵكردنی كەرتی گەشتیاری ئاینی عێراق لە رووی هوتێل و كۆمپانیاكانی گواستنەوە و چێشتخانە گواستنەوەی ئاسمانی هێنان و بردنی گەشتیاران، جگە لەو قاچاغەی ساڵانە لە رێگەی ئەو ئاسانكارییەی بۆ سەردانیكارانی ئێرانی دەكرێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل