بەرپرسێكی ئەمەریكی: پنتاگون تا 2020 بودجەی سەربازی بۆ هەسەدە و كورد داناوە

:: PM:10:47:08/10/2019 ‌

بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی متمانەی خۆی بە توانای سەربازی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەربڕی لەوەی توانای رووبەڕووبونەوەی هێزەكانی توركیای هەیە ئەگەر هێرش بكاتە سەر ناوچەكانیان، دووپاتی كردەوە كە پنتاگۆن تا 2020 بودجەیەكی سەربازی بۆ پاڵپشتیكردنی هەسەدە و كورد داناوە، كەناڵی "حورە"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە.  

ئەو بەرپرسە زیاتر گوتی، سەركردایەتی سەربازی ئەمەریكا كە بریتییە لە سەركردایەتی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكان و سەركردایەتی ناوەند (سانتكۆم)، پابەندی بەرگریكردن لە هاوپەیمانەكانمان دەمێننەوە لەوانەی لە 2014ەوە چەكیان هەڵگرتووە و قوربانی زۆریان داوە لە بەرانبەر داعش لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا.

زیاتر گوتی، پنتاگۆن رێگە بە توركیا نادات بە ئەنجامدانی كوشتارگەیەك لە ناوچەكانی كوردنشین لە قامیشلۆ و حەسەكە و مینبەج و سەری كانی و گرێ سپی و دووپاتی كردەوە كە ئەزموونی عەفرین رۆیشت و دووبارە نابێتەوە.

ئەو بەرپرسەی ئەمەریكا كە راستەوخۆ پێوەندی بە رووداوەكانی سووریا هەیە روونی كردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوای راوێژێكی دوورودرێژ لەگەڵ سەرانی ئەركان و دەزگاكانی هەواڵگری ئەمەریكا، ئێستە قەناعەتی هاتووە بەوەی دۆخی ئیستاتیكۆ لەسەر سنووری سووریا-توركیا ماوە و پنتاگۆن لە رێوشوێنەكان بەردەوام دەبێت بۆ لێگەیشتن لەگەڵ ئەنكەرە و رێگەنەدان پێی بۆ تێپەڕاندنی سنوور.

پەیامەكەی ترەمپ گەیشتە كورد و ئەوانیش تێی گەیشتن
ئەو بەرپرسە ئاماژەی كرد كە پەیامەكەی ترەمپ گەیشتە كورد و ئەوانیش تێی گەیشتن، بۆیە هێزەكانی ئەمەریكا لەبەر چەند هۆكارێك دەمێننەوە لەوانە رێگرتن لە دەركەوتنەوە داعش و بەرگریكردن لە هاوپەیمانەكان و رێگەدان پێیان بۆ خۆبەڕێوەبەردیان بێ ئەوەی بوار بە رژێمی سووریا و گرووپەكانی سەر بە ئێران بدرێت كە لەلایەن رووسیا پاڵپشتی دەكرێن بۆ سوودبینین لەو بۆشایەی دروست دەبێت و هەڵبكوتنە سەر رۆژهەڵاتی فورات.

ئەو بەرپرسە گوتی، هەڵەیە ئەوەی وا بزانێت هەسەدە كە 70 هەزار شەڕوانی هەیە رووبەڕووی توركیا نابێتەوە ئەگەر سنووری سووریا ببڕێت، كاتێك شەڕوانی كورد بەهێزە و شارەزایی جەنگی باشی هەیە و رەنگە سوپای توركیا تووشی زیانی گەورە بێت ئەگەر بیر لە چوونە ناو گوندە كوردییەكان بكاتەوە. دووپاتی كردەوە، پنتاگۆن تا 2020 بودجەیەكی سەربازی بۆ پاڵپشتیكردنی هەسەدە و كورد هەیە و پاڵپشتی لۆجیستی و تفاقی سەربازیان بۆ دابین دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی داعش یان هیتریش.

لەوكاتەی هەمووان لەبارەی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی فورات چاوەڕوانی دوا هەڵوێستی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكایان دەكرد كە بە گۆڕینی دوا ساتی هەڵوێستەكانی دەناسرێت، كورد داوای روونكردنەوەی لە ئەمەریكا كرد، ئەمڕۆ ترەمپ لە دوا هەڵوێستیدا رای گەیاند كە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری كورد لە سووریا نابێت.

رووداوەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا كە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەڵ و زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردە، هەفتەی رابردوو دوای لێدوانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا گەرمتر بوو كاتێك بێئومێدی خۆی لە گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمەریكا لەبارەی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لەسەر سنوورەكان و ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەماوەی رۆژێك یان دوو رۆژ بۆ سەپاندنی ئەو ناوچەیە راگەیاند.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل