یه‌كێك له خاوه‌ن تۆمارگه هه‌ره كۆنه‌كانى كه‌ركووك ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ئێسته داواكاریى كڕیاره‌كانیان ته‌نیا به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌نده لاوه‌كانه و به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌نده ڕه‌سه‌نه‌كان هیچ ڕه‌واجێكیان له‌نێو خه‌ڵكدا نه‌ماوه و كاسێته‌كانیان تۆزیان لێ نیشتووه.
عیماد نیعمه‌ت كوڕى خاوه‌ن تۆمارگه‌ى نیعمه‌ت له كه‌ركووك كه نزیكه‌ى نیو سه‌ده‌یه له بوارى تۆمارى ده‌نگى كار ده‌كات به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، نه‌وه‌ى نوێ تووشی دابڕانێكى هونه‌ریى زۆر مه‌ترسیدار بوونه و هیچ وابه‌سته‌یه‌كیان به به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌نده دێرینه‌كانه‌وه نه‌ماوه، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ش نین گوێیان لێ بگرن. ئه‌م دابڕانه نه‌ك له نێو نه‌ته‌وه‌ى كوردى شاره‌كه، بگره له نێو توركمان و عه‌ره‌بیشدا به‌دى ده‌كرێت و پێیان نه‌نگه گوێ له گۆرانى و موزیكى كۆن بگرن، كه پسپۆڕانى بواره‌كه به هونه‌رى ڕه‌سه‌ن ناوزه‌دى ده‌كه‌ن.
زیاتر گوتى، نه‌وه‌ى حه‌فتاكان كه زۆرجار به نه‌وه‌ى زێرین ده‌ناسرێن، شانازییان به فۆلكلۆرى نه‌ته‌وه‌ییانه‌وه ده‌كرد و بێجگه له ئاواز و گۆرانیى كوردى، گوێیان له هونه‌رى عه‌ره‌بى و توركى و فارسیش ده‌گرت و چێژیان لێ وه‌رده‌گرت، به پێچه‌وانه‌ى نه‌وه‌ى ئێسته كه سه‌لیقه‌ى گوێگرتنیان له هونه‌رى ڕه‌سه‌ن نه‌ماوه و به هی خۆیانیان دانانێن، ته‌نیا به دواى به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌نده لاوه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن كه زۆربه‌یان ڕیتمی خێران و بۆ زه‌ماوه‌ند و سه‌یران ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌رهه‌مه كۆنه‌كانیش هیچ ڕه‌واجێكیان له بازاڕدا نه‌ماوه.
له به‌راوردكارییه‌كى نرخ و كوالێتیى به‌رهه‌مه‌كانى ئێسته و ئه‌وساش روونی كرده‌وه، له بیرمه باوكم كاسێتى به چاره‌كه دینارێك ده‌فرۆشت، تا گه‌یشته نیو دینار و دینار، كاسێته‌كانیش هه‌مووى ژاپۆنى بوون و به‌م دوواییه قیساره‌ى عێراقى په‌یدا بوو، به ریكۆرده‌رى گوڕه‌ندیك و ئه‌كاى و سانكیۆ به‌رهه‌مه‌كانمان كۆپى ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و كاسێته 10- 15 ساڵ ئیشى ده‌كرد و هیچى لێ نه‌ده‌هات، كه‌چى ئێسته به چه‌ند خوله‌كێك به پێشكه‌وتووترین ئامێرى ده‌نگى، ده‌یان (CV) تۆمار ده‌كه‌ین و كاره‌كانمان زۆر ئاسان بووه، به‌ڵام كواڵتیى ئه‌و (CV)یانه زۆر خراپن و چه‌ند ڕۆژێك به‌كار ده‌هێنرێن و زوو له‌كار ده‌كه‌ون.
پێش ڕووخانى رژێمى پێشوو، وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى كاركردن له بوارى تۆمارگه‌ى ده‌نگیدا كارێكى ئه‌وه‌نده ئاسان نه‌بوو و سانسۆرێكى زۆریان له‌سه‌ر بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندان تۆمارگه‌ى به‌ناوبانگ له كه‌ركووك كرابوونه‌وه و به بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌نده كورده‌كانى، هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان مۆركى كوردانه‌ى شاره‌كه‌یان له سڕینه‌وه ده‌پاراست. هه‌میشه خاوه‌ن ئه‌م تۆمارگانه پێیه‌كیان له ده‌زگه ته‌ناهییه‌كانى ڕێژیم بوو بۆ لێكۆڵینه‌وه و لێپرسینه‌وه و به‌رده‌وام چاویان لێ سوور ده‌كرایه‌وه، كه به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌نده یاساغه‌كانى وه‌ك شڤان په‌روه‌ر و تاهیر تۆفیق و حه‌مه جه‌زا و چه‌ندانى تر بڵاو نه‌كه‌نه‌وه.
كه‌ركووك /نه‌به‌ز ڕۆسته‌م