ئێرانیش لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هێز دەجووڵێنێت

:: AM:10:50:09/10/2019 ‌

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەرتەشی ئێرانیش لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە جووڵاندنی هیز و نمایشی سەربازی  کرد.

 

ئەرتەشی ئێران بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رای گەیاند لە سنوورەکانی پارێزگای ورمێ دەست بە نمایشێکی سەربازی دەکات.

 

عەبدولرەحیم مووسەوی فەرماندەی گشتی ئەرتەشی ئێران خۆی لەو نمایشە سەربازییەدا بەشدارە و جگە لە هیزی وشکایی هێزی ئاسمانیش بەشداری دەکەن.

شەوی رابردوو سەرجەم یەکە سەربازییەکان بۆ بەشداریکردن ئاگادار کراونەتەوە.

 

ئەرتەشی ئێران لەبارەی لە نکاو راگەیاندنی ئەو نمایشە سەربازییە هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە و شەوی رابردوو سەرجەم یەکە سەربازییەکان بۆ بەشداریکردن ئاگادار کراونەتەوە.

 

بەگوێرەی"رادیۆ فەردا" ئەم هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدایە رۆژێک پێشتر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە پێوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵوو دژایەتی خۆی بۆ هێرشەکەی تورکیا راگەیاندبوو.

 

پێویستە بگوترێت ئەو گۆڕانکارییانە لە ناوچەکە دوای ئەوە هاتنە کایەوە کە دۆناڵد ترەمپ باسی لە کشانەوەی هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و تەنانەت گوتی خۆی لەو جەنگە بەدوور دەگرێ کە بڕیارە تورکیا بیکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان.

 

هەڵویستەکەی ترەمپ لای ناوەندە سیاسییەکان و تەنانەت ناوەندەکانی بڕیاری ئەمەریکاش جێگەی سەرسوڕمان بوو و جگە لە دیموکراتەکان بەشێک لە کەسە سێناتۆرە دیارەکانی کۆماریخوازان ئەم هەنگاوەی ترەمپیان بە هەڵەیەکی سیاسی هەژمار کرد.



وشە - سلێمان تاشان