لەناو حەوشەی مزگەوتی گەورە لە خورماڵ حەوزێک دروست کراوە کە ئاوێکی پاک و ڕوونی دەڕژێتە ناو، ئەو ئاوە لە شاخەوە دەڕژێتە ناو حەوزەکەوە.
لەناو حەوزەکەی مزگەوتی گەورەدا ژمارەیەکی زۆر ماسی هەن و ئەمەیش دیمەنێکی جوان و دڵڕفێنی داوە بە حەوشەکە و خەڵێکی زۆر بۆ دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی ناوشار سەردانی دەکەن و بۆ ماوەیەک لە لێوارەکەی دادەنیشن و پشوو دەدەن.
مێژووەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان
جیا لە دانیشتووانی خورماڵ، گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بۆ بینینی دیمەنی ئەو حەوزە سەردانی مزگەوتی گەورە دەکەن و ئەوەش بووەتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ خەڵکی شارەکە.
لەسەر حەوزەکە دوو داری بەتەمەن هەن گەڵایان پانە و شۆڕ بوونەتەوە بۆلای ئاوەکە و سێبەریان دروست کردووە و ئەوەیش وای کردووە هێندەی تر دیمەنەکە دڵڕفێن بێت.
مزگەوتی گەورەی خورماڵ یەکێکە لە شوێنەوارەکانی کوردستان و مێژووەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان و سەردەمی عەبدوڵای کوڕی عومەری خەلیفەی موسوڵمانان دروست کراوە.
هەر بە تەنیشت هۆڵی مزگەوتەکەوە منارەیەک هەیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە هەمان سەرەتای هاتنی دینی ئیسلام بۆ ناوچەکە و ساڵی 2012 حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لەسەر هەمان شێوازە کۆنەکە نۆژەن بکرێتەوە.
لەدوای دەرچوونی بریارەکە منارەی مزگەوتەکە نۆژەن کرایەوە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە راگیرا و تا ئێستەیش دەست بە نۆژەنکردنەوەی نەکراوەتەوە.
خورماڵ/ شەفیق بانیشاری