ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رپه‌رشتی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كۆبووه‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پشتگیریی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ربڕی
به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى حكوومه‌تى هه‌رێم، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تیشكی خسته‌سه‌ر گۆڕانكاری و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی عێراق و سووریا. له‌باره‌ی خۆپێشاندانه‌كانی عێراق، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه له كاتێكدا پشتگیریی له داوا ره‌وا و یاساییه‌كانی خۆپێشانده‌ران ده‌كه‌ین كه به شێوازێكی ئاشتییانه و مه‌ده‌نییانه پێشكه‌شی بكه‌ن. له هه‌مان كاتدا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پشتگیریی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ربڕی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌سه‌ر سه‌ردانی گرنگی سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا بۆ هه‌رێمی كوردستان كه له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای دیپلۆماتكار و خاوه‌نكارانی رووسی هاتبوو.
پێویسته كێشه‌كان به رێی گفتوگۆ و ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بكرێن
له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دۆخی سووریاش، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئاڵۆزتربوونی دۆخی باكوری رۆژهه‌ڵاتی سووریا كاریگه‌ری و ده‌رئه‌نجامه نه‌رێنییه‌كانی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی سنووری سووریادا نامێنێته‌وه و ده‌بێته هۆی ئاواره‌بوونی به هه‌زاران خه‌ڵك و به‌شێكی زۆریشیان په‌نا بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنن. بۆیه پێویسته كێشه‌كان به رێی گفتوگۆ و ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بكرێن و بڕیاری تاكلایه‌نه‌ی سه‌ربازی له به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌دا نییه.
هاوكات رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتێكی وردی له‌باره‌ی ئاماده‌كاری و پێداویستییه‌كانی ئه‌گه‌ری هاتنی شه‌پۆلی په‌نابه‌ران له سووریاوه بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو. داواش له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش كرا كه به‌رپرسیارێتی خۆیان له ئه‌ستۆ بگرن له هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ میوانداریكردنی شه‌پۆلی نوێی په‌نابه‌رانی سووریا.
هه‌روه‌ها له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی راپۆرتێكی له‌باره‌ی پێشنیاره‌كانی وه‌زاره‌تیان بۆ پشتیوانی سندووقی خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی خسته‌ڕوو.
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وه‌زیره پێوه‌ندیداره‌كانی راسپارد بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ گره‌نتیكردنی ده‌سته‌به‌ری كرێكاران و پێدانی پاره‌ی به‌شدارییه‌كانی كرێكاران به‌گوێره‌ی یاسای خانه‌نشین و ده‌سته‌به‌ركردنی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كرێكاران. ئه‌مه‌ش به‌شێكه له كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئاراسته‌ی هاندانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاركردن له كه‌رتی تایبه‌ت له رێگه‌ی پاراستنی ماف و شایسته‌كانیان.
پوخته‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران:
• ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پشتگیریی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ربڕی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
• ئاڵۆزتربوونی دۆخی باكوری رۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌رئه‌نجامه نه‌رێنییه‌كانی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی سنووری سووریادا نامێنێته‌وه.
• دانانی میكانیزمی پێویست بۆ گره‌نتیكردنی ده‌سته‌به‌ری كرێكاران و پێدانی پاره‌ی به‌شدارییه‌كانی كرێكاران.