ترەمپ: هێزەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكشێنینەوە

:: PM:04:42:09/10/2019 ‌

 

ترەمپ لە نوێترین تویتیدا رەخنە لە بڕیارەكانی ئەمەریكا لە رابردووو دەگرێت و هاتنی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەڵەی مێژوویی هەژمار دەكات و دەشڵێت سەربازان و سوپا دەگەڕێننەوە ماڵەوە.

 

دۆناڵد ترەمپ كە چەند خولەكێك لەمەوبەر پێوەندیدار بە رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تویتەكەی بڵاو كردووەتەوە، دەڵێت هاتنی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپترین بڕیارە لە مێژووی ئەمەریكا  درابێت.

ئەمەریكا هەشت تریلیۆن دۆلاری لە بواری جەنگ و دابینكردنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەراست خەرج كردووە

 



ئەو روونی دەكاتەوە ئەمەریكا هەشت تریلیۆن دۆلاری لە بواری جەنگ و دابینكردنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەراست خەرج كردووە و لەو رێگایەش بە هەزاران سەربازی ئەمەریكی گیانیان لەدەست داوە یان بریندار بوون
.

 

هاوكات باس لەوە دەكات هەر بەو هۆیەوە بە ملیۆنان كەس مردوون و بۆیەش بەو ئەنجامە گەیشتووە هاتنی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خراپترین بڕیار بووە لە مێژووی ئەمەریكا درابێت.

 

ئەو دەڵێت "ئێمە لەسەر هەندێك گریمانەی هەڵە هاتینە ناوچەكە كە باسی لە ناوبردنی چەكی گەورە و مەترسیدار دەكرد كەچی هیچی راست دەرنەچوو بەڵام ئێستە بە هێمنی سەربازە جوامێرەكان و سوپاكەمانمان دەگەڕێنینەوە ماڵەوە."

 

هەروەها دەڵێت "سەرنجی ئێمە لەسەر وێنە گەورەكەیە كە بریتییە لەوەی ئەمەریكا گەورەترە لە رابردوو.."

 

جێگەی باسە دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی لە تویتێكدا باسی لە كشانەوەی هیزەكانی لە سووریا كرد سوپای توركیاش ئامادەكارییەكانی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستانی دەست پێ كرد كە بووەتە جێگەی نیگەرانی بەشێك لە نوێنەرانی كۆنگرێس بە تایبەتی كۆماریخوازەكان.

 

ئەوەی لەم تویتە نوێیەی ترەمپ جێگەی تێڕامانە ئەوەیە ترەمپ باس لە كشانەوەی هیزەكانی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.



وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 1249 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌