ئۆپراسیۆنی توركیا دوای پێوەندی تەلەفۆنی ئەردۆغان و پووتین دەستی پێ كردووە

:: PM:05:38:09/10/2019 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا پێش تویتەكەی ئەردۆغان بۆ دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باكوری سووریا، پێوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە و پووتین داوای  كردووە زیان بە هەوڵەكانی یەكلاكردنەوەی دۆخی ئەو وڵاتە نەگەیەنێت. 

شارەزایانی دۆخی سووریا پێشتر دووپاتیان لەوە كردەوە كە توركیا ناتوانێت بێ رەزامەندی رووسیا ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی لە سووریا ئەنجام بدات كە یاریكەرێكی سەرەكییە لە رووداوەكانی ئەو وڵاتە جیا لە ئەمەریكا، بەو پێیەش رووسیا دەیەوێت دۆخی سووریا زووتر یەكلا ببێتەوە و پێشتریش هانی نزیكبوونەوەی كورد و حكوومەتی سووریای داوە، بۆیە پێشبینی رەزامەندی رووسیا لەسەر ئۆپراسینە سەربازییەكەی توركیا دەكرێت. 

گڵۆپی سەوزی پووتین بۆ ئەردۆغان
وەك لە بەیاننامەیەكی كرملیندا هاتووە، ئەمڕۆ هەریەك لە پووتین و ئەردۆغان لەسەر داوای توركیا پێوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە و بۆچوونیان لەبارەی دۆزی سووریا و رێككەوتنی وڵاتانی كۆنگرەی ئەستانە لە ئەنكەرە لە مانگی سێپتێمبەر گۆڕیوەتەوە و پووتین داوای لە ئەردۆغان كردووە لەبارەی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی لە سووریا ئەنجامی دەدات، دۆخەكە بەوردی هەڵبسەنگێنێت و زیان لە هەوڵەكانی یەكلاكردنەوەی دۆزی سووریا نەگەیەنێت. هەردوولا دووپاتیان لە گرنگی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سووریا و رێزگرتن لە سەروەرییەكەی كردەوە.  

ئەو پێوەندییە تەلەفۆنییە پێش دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكی توركیا بۆ سەر ناوچەی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا دێت كە ئەمڕۆ چوارشەم وەك سێیەم ئۆپراسیۆنی سەربازی سوپای توركیا بەناوی "كانی ئاشتی" لە دوای دوو ئۆپراسیۆنی "قەلغانی فورات" و "چڵە زەیتوون" لەناو خاكی سووریا ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات رایان گەیاند كە فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەكە و سەرچاوەكانی توركیاش رایان گەیاندووە كە بۆردمانی تۆپخانەكاتنی سوپای توركیا دەستی پێ كردووە، لەوكاتەی هەسەدە داوای قەدەغەی فڕین لەو ناوچانە دەكات.

ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەم لە "تویتەر" رای گەیاند كە مەبەستیان لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییە كە بەناوی "كانی ئاشتی"، ئەمڕۆ لە باكوری سووریا دەستی پێ كردووە، نەهێشتنی هەڕەشەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەلە لەو ناوچەیە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل