هەسەدە ئۆپراسیۆنەكانی لەدژی داعش وەستاند

:: PM:07:23:09/10/2019 ‌

دوای دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا، بەهۆی بۆردمانەكانی زەوی و ئاسمانی سوپای توركیا، ئاوارەبوونی خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی نزیك لە توركیا دەستی پێ كردووە، لەوكاتەی هەسەدە باسی تۆقین و ئاوارەبوونی خەڵكەكە دەكات، رای گەیاند كە ئۆپراسیۆنی دژ بە داعشی كۆتایی پێ هێناوە.

بۆردمانی توركیا بەردەوامە
ئێستە سەرەڕای سەركۆنەی نێودەوڵەتی لەدژی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سووریا كە زۆرینەی كورنشینە و ساڵانێكە لەژێر دەسەڵاتی كوردە، سێ جموجۆڵ لەو ناوچانە بەدی دەكرێت، ئاوارەبوونی خەڵكەكە و بەرگریكردن و سەنگەرقایمكردنی هەسەدە و بۆردمان و دووكەڵی بۆردمانی سوپای توركیا.

هەسەدە سەرقاڵی بەرگریكردنە لە ناوچەكانی
وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، دووپاتی وەستاندنی ئۆپراسیۆنەكانی لەدژی رێكخراوی داعش بەهۆی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەكە كردەوە، وەك سەرچاوە ئەمەریكی و كوردییەكان ئاماژەیان كردووە، هەسەدە ئەو بڕیارەی داوە بەهۆی دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا و سەرقاڵبوونیان بە بەرگریكردن لە ناوچەكانیان. 

سەتان هاووڵاتی سەرێ كانی ئاوارە بوون
هاوكات ئەمڕۆ سەتان هاووڵاتی ناوچە سنوورییەكانی سووریا، بەتایبەتی لە سەرێ كانی بەهۆی دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا و بۆردمانی سەختی ئاسمانی و زەوینی سوپای توركیا و هەڕەشەكانی هێزەكانی سەر بە توركیا لە سووریا، شوێنی خۆیان جێ هێشتووە لەناو ئەو هەوڵانەی باسی كوژراو و بریندار لە ریزەكانیان دەكەن.

شایەتحاڵەكان دووپاتیان كردەوە كە سەتان هاووڵاتی لە سەرێ كانی بە هۆی بۆردمانەكانەوە ناوچەكانی خۆیان جێهێشتووە، مستەفا بالی گوتەبێژی هەسەدە رای گەیاند كە سەرێ كانی تا گرێ سپی دووچاری بۆردمانی سەختی ئاسمانی و زەوینی سوپای توركیا بووەتەوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل