هەولێر و بەغدا كۆ دەبنەوە

:: PM:05:44:21/01/2017 ‌
بڕیارە هەردوو حكوومەتی كوردستان و عێراق هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی فرەوان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی فایلی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان و تاوتوێكردنی میكانیزمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە لە پارێزگای كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان ساز بكەن. 

هەفتەی رابردوو حكوومەتی عێراق بڕیاری دا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بۆ 16ی ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوو دوا بخات، دوای ئەوەی كۆمیسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند كە ناتوانن لە وادەی خۆی لە مانگی نیسان ئەنجامی بدەن، ئەو هەڵبژاردنەی لە هەرێمی كوردستان و هەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركووك ناكرێت.

ئیپتیسام هیلالی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە لیژنەكەیان و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە چەند ناوچەیەكی كێشە لەسەر لەگەڵ هەرێم لەوانەش پارێزگای كەركووك كۆ بوونەتەوە و رێك كەوتوون كە هەڵبژاردنەكەی 16ی ئەیلوول ئەو ناوچانەش بگرێتەوە.

زیاتر گوتی، دوو شاندی ویزاری هەرێم و بەغدا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە كەركووك یان نا كۆ دەبنەوە.

هەفتەی رابردوو میقداد شەریفی گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دووپاتی كردەوە كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق هەریەك لە پارێزگاكانی ئەنبار و دیالە و سەڵاحەدین هەڵبژاردن دەیانگرێتەوە، لەو كاتەی وەك پێشتر راگەندرابوو كە پارێزگەی نەینەوا بەهۆی دۆخی تەناهییەوە چاوەڕوانی راپۆرتی هەڵسەنگاندنی دۆخی دەكرێت و پارێزگای كەركووكیش پێویستی بە دەركردنی یاسای تایبەت لە پەرلەمانی عێراق هەیە.

سەرچاوە: ئەلمەعلوومە



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل