ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا كۆ دەبێتەوە

:: PM:07:49:09/10/2019 ‌

دیپلۆماتكاران رای دەگەیەنن كە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری داوە سبەی پێنجشەم دانیشتنێكی نائاسایی بۆ باسكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سووریا ساز بكات.

ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵوێستی چی دەبێت؟
ئەو دیپلۆماتكارانە رایان گەیاند كە سبەی پێنجشەم ئەنجوومەنی ئاسایش دۆسیەی سووریا تاوتوێ دەكات، ئەوەش لەسەر داوای چەند وڵاتێكی ئەوروپی و لە دوای دەست پێكردنی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردییەكانی سووریا.

وڵاتانی ئەوروپا دژی هێرشەكە دەوەستنەوە
دوێنێ وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانی زۆری خۆیان بۆ پلانەكەی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ناوچە كوردییەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا دەربڕی، ئەمڕۆ چوارشەم دوای دەست پێكردنی هێرشەكە وڵاتانی بەلجیكا و فڕەنسا و ئەڵمانیا و پۆڵەندا و بەریتانیا داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشیان كرد.

 ئەمڕۆ فڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەی توركیای كرد بۆ سەر باكوری سووریا و گەیاندییە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئیمیلی دو مۆنشالان، وەزیری كاروباری ئەوروپای فڕەنسی گوتی، فڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیا دەكات و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ باسكردنی ئەو بابەتە كردووە. 

زیاتر گوتی، هەریەك لە فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا خەریكی ئامادەكردنی راگەیاندنی هاوبەشن كە تیایدا دووپاتی سەركۆنەكردنی توندی ئەوەی لە سووریا روودەدات دەكەنەوە و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل