دژی كۆمەڵكوژی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان خۆپێشاندان دەكرێت

:: PM:09:15:09/10/2019 ‌
سبەی پێنجشەم 10ی تشرینی یەكەم، لە بەردەم ئۆفیسی سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر، ژمارەیەك چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە لەشكركێشی و هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن.

یەكێك لە ئامادەكارانی خۆپیشاندانەكە بە "وشە"ـی راگەیاند، ژمارەیەك لە چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی وەك ناڕەزایەتییەك دژ بە لەشكركێشی و هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، دەچینە بەردەم ئۆفیسی سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان و پەیامی ناڕەزایەتی دەگەیەنین.

چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەدەن
زیاتر گوتی "وەك چالاكوانان، بەیاننامەیەك لە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ رای گشتی دەخوێنینەوە و دەیدەین بە نەتەوە یەكگرتووەكان".

داخوازی ئەو چالاكوانانە دژ بە هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، دەستبەجێ وەستاندنی ئەو هێرشەیە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تشرینی یەكەم، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی دژ بە رۆژئاوای كوردستان راگەیاند.

هاوكات بانگەوازی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە شارۆكەی قەڵادزێ هەیە، ژمارەیەك لە چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، داوا لە خەڵكی دەڤەرەكە دەكەن سبەی پێنجشەم سەعات سێی پاش نیوەڕۆ، لە ناو پاركی پیرەمێرفی ناو بازاڕی قەڵادزێ، ئامادە بن، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە ئۆپراسیۆنی سەربازی كانی ئاشتی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.

بەگوێرەی دوا زانیارییەكان بێت، سوپای توركیا بە سەختی بۆردومانی سەرێ كانی دەستپێ كردووە، هێشتا لەشكركێشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجام نەداوە.

راگەیاندنی ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی لەلایەن دەوڵەتی توركیا، هەرزوو لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەركۆنە كرا، هەریەكە لە ئەڵمانیا و فڕەنسا و بەریتانیا و یەكێتیی ئەوروپا، بەیاننامەی ناڕەزایەتییان دەركرد، هاوكات لەسەر داوای وڵاتانی ئەوروپا، سبەی پێنجشەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو پرسە كۆبوونەوەیەكی بە پەلە ئەنجام دەدات.

لە دوا تویتیدا كە كەمێك پێش ئێستە بڵاوی كردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بیرۆكەیەكی خراپە و ئەمەریكا پشتگیری ناكات، ئەمەش لە كاتێكدایە شەقامی ئەمەریكی بە كۆماری و دیموكراتەكان، هاوكات میدیای ئەمریكی و كۆنگرێسی ئەو وڵاتە دژی ئۆپراسیۆنەكەن و لیندسی گراهام و ژمارەیەك لە سیناتۆرانی هەردوو حزب، سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ نووسینەوەی پڕۆژە یاسایەك بۆ سزادانی توركیا.



وشە - فه‌رمان سادق