دوو گۆڕی بەكۆمەڵی تر لە سەماوە هەڵدەدرێنەوە

:: PM:11:49:09/10/2019 ‌

سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراون لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی عێراق، پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەست پێ دەكاتەوە و ئاماژە دەكات كە تەواوبوونی پشكنینی ڕوفاتەكان زۆری پێ دەچێت.

ڕوفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە ڕەوانەی بەغدا كراون
 سەوسەن محەمەد، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پرسی ڕوفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە كە مانگی ڕابردووتر هەڵدرایەوە و ڕوفاتەكان ڕەوانەی بەغدا كراون بۆ پشكنینی دی ئێن ئەی، تا ئێستە پشكنینەكان تەواو نەبوون و ماوەیەكی پێ دەچێت بۆ تەواوكردنیان، چونكە ژمارەی ڕوفاتەكان زۆر بوون و كاتێكی دەوێت بۆ ئامادەكردنیان.

 زیاتر گوتی، خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی بەغدا و ناوچەكانی دەوروبەری، كاریگەری لەسەر دواخستنی هەڵدانەوە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی تر هەیە كە ژمارەیان دوو گۆڕە و لە سەماوەن، لە ڕابردوو كار كراوە لە نێوان تیمی هاوبەشی دەزگای شەهیدانی عێراق و وەزارەتی شەهیدان بۆ ئەوەی ئەو دوو گۆڕەش هەڵبدرێنەوە.

 ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، هەركات پشكنینی ڕوفاتەكان تەواو بوو، ئەوكات بەغدا هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە لە بارەی گەڕانەوەیان و رێوڕەسمیان بۆ ساز دەكرێت، هەریەكە لە هەرێم و بەغدا ئامادەكاری دەكەن بۆ هەڵدانەوە ئەو دوو گۆڕەی تر كە دیاریكراون بۆ هەڵدانەوە.

سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراون دووپاتی كردەوە، دۆخی عێراق لەو چەند رۆژەی ڕابردوو خرۆشا بوو، دەكرێت لەدوای ئاساییبوونەوەی دۆخەكە ئەو پرسە دەست پێ بكاتەوە و هەرێم و بەغدا ئامادەكارییەكانیان بكەن بۆ هەڵدانەوە.

 مانگی ڕابردووتر گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە سەماوە دۆزرایەوە، دوای هەڵدانەوەی گۆڕەكە كە بە هاوبەشی لە نێوان تیمی دەزگای شەهیدانی عێراق و وەزارەت شەهیدان و دەستی دادوەران و ڕێكخراوە جیهانییەكان، ڕوفاتی زیاتر لە 180 كەسی تێدا دەرهێنرایەوە و بۆ ناسینەوە ڕەوانەی بەغدا كراون بۆ پشكنینی دی ئێن ئەی.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل