سەرانی داعش لە رەقە هەڵدێن

:: PM:06:19:21/01/2017 ‌
چەند سەرچاوەیەك لە شاری رەقە مۆڵگەی سەرەكی داعش لە سووریا ئاشكرایان كرد كە سەتان لە سەران و چەكدارانی داعش لە سەرەتای ئەمساڵەوە شاری رەقەیان بەرەو شاری دێرزوور جێ هێشتووە و ئەوان هەڵاتوون.

دانیشتوانی شاری رەقە بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا "دی پی ئەی"یان راگەیاند كە سەتان لە سەركردە و ئەندامانی داعش لە سەرەتای ئەمساڵەوە رەقەیان جێ هێشتووە و روویان لە دێرزوور كردووە و زۆرینەی ئەوانەش بریتین لە شەڕوانانی رەگەز بیانی و عەرەبی.

زیاتر گوتیان، ئەو سەركردە و ئەندامانی داعش خانووی خۆیان لە گەڕەكەكانی فیردۆس و سوكنە و گەڕەكی حەرامییە جێ هێشتووە، هاووڵاتییەكیش لە گەڕەكی راقی لە رەقە گوتی، زیاتر لە 30 خانوو كە پێشتر سەرانی داعشی تیادا دەژیا كە زۆرینەیان سعوودی و توونسی و میسری و توركی بوون، ئەوان لە سەرەتای ئەم مانگەدا رۆیشتن و تەنیا چەند كەلوپەلێكی كەمیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە. 

زیاتر گوتی، لەوانەی رۆیشتن سێ داعش بوون كە دوو میسری و توونسییەك بوون و پیشەیان دادوەری شەرعی بوو، ئەوان خۆیان و خێزانەكانیان بەرەو پارێزگای دێرزوور رۆیشتن، لەو كاتەی شایەتحاڵەكان لە رەقە دەڵێن كە لە 10 رۆژی دواییدا داعش بەربەستە سەربازییەكانی لە رەقە زیاد كردووە و رێگریشی لە رۆیشتنی خەڵكی شارەكە بەرەو ناوچەكانی ژێر دەستی حكوومەتی سووریا یان سوپای سووریای دیموكرات كردووە. 

دوای ئەوەی هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات هەڵمەتی "توڕەیی فورات"یان لەدژی داعش بە مەبەستی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی رەقە دەست پێ كرد، ئەوان پێشڕەوی گەورەیان كرد و سەتان گوند و ئاوەدانیان لە داعش لە دەشتی باكور و رۆژئاوای رەقە وەرگرتەوە و لە شارەكە نزیك بوونەتەوە.

بەپێی سەرانی سوپای سووریای دیموكرات ئێستە دوای دوو قۆناغی هێزەكانیان لە دووری تەنیا 25 كیلۆمەترن لە باكوری شاری رەقە و لە چەند رۆژی داهاتووش سێیەم قۆناغی پاككردنەوەی ناوچەكە لە داعش دەست پێ دەكات و ئامانجیان گەیشتنە بە شارەكە و گەمارۆدانیەتی. 

داعش لە سەرەتای 2014 كۆنترۆڵی شاری رەقەی كرد و كردییە بە پایەتەختی دەوڵەتە ئیسلامییەكەی، ئەو شارەی 500 هەزار كەسی تیادا دەژی، هاوكات هەفتەی رابردوو داعش هەڵمەتێكی سەربازی بۆ كۆنتڕۆلكردنەوەی ئەو ناوچانەی دێر زوور دەست پێ كرد كە بەدەستی سوپای سووریاوەن.

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل