بەشێك لە پاشماوەی مەترسیداری نەخۆشخانەكان لەگەڵ زبڵی ئاسایی تێكەڵ دەكرێ

:: AM:08:54:10/10/2019 ‌
لە هەولێر دوو ئامێری ئۆتۆكلیڤ هەن بۆ سووتاندنی پاشماوەی نەخۆشخانەكان كە یەكیان تێكچووە

لە نەخۆشخانەكانی هەولێر تەنیا دوو ئامێر هەن بۆ لەناوبردنی پاشماوەی مەترسیداری نەخۆشخانە كە نابێ لەگەڵ زبڵی ئاسایی تێكەڵ بكرێن. دوو ئامێرەكەش یەكیان تێكچووە و ئەویتریان لە توانایدا نییە سەرجەم پاشماوەكە بسووتێنێت. جگەلەمە نەخۆشخانە بەتایبەت ئەهلییەكان، لەبەر گرانیی كرێی گواستنەوە، بەشێكی كەم لە پاشماوەكانیان بۆ سووتاندن رەوانە دەكەن و ئەوەی تر تێكەڵ بە زبڵی ئاسایی دەكەن كە مەترسیدارە بۆ تەندروستی هاووڵاتییان.

گەلاوێژ عوبێد عوسمان ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی،  بەپێی بەدواداچوونەكانی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمان كوردستان، دەركەوت لە هەولێر تەنیا دوو ئامێری لەناوبردنی پاشماوە پزیشكییەكان هەن، ئەوانیش یەكێكیان لە نەخۆشخانەی نانەكەلی و ئەویتریان لە نەخۆشخانەی لەدایكبوونە كە بە ئامێری "ئۆتۆكلیڤ" ناسراوە.
ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی و ڤایرۆس و نەخۆشیی خوێن هەیە

ماوەی رابردوو ئاشكرابوو كە بڕێكی زۆر لە پاشماوە پزیشكییەكان لەناو ساردكەرەوە گەورەكان كۆ بوونەتەوە، ئەویش بووە هۆی ئەوەی كێشەیەك لە ئامێرەكە هەبوو كە هۆكارە بۆ لەناوبردنی پاشماوەكان.

لاوەند سەردار بەڕێوەبەری پێشووی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، لە نەخۆشخانەكەیان ئامێری سووتێنەری پاشماوە پزیشكییەكانیان هەیە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر پێیان راگەیاندوون كە كاری پێ نەكەن، بەهۆی ژینگەیی. بۆیە پاشماوەكان بۆ نەخۆشخانەی نانەكەلی و لەدایكبوون دەگوازینەوە.

ئەو بەڕێوەبەرەی پێشوو باس لە مەترسییەكان دەكات لە ئەگەری زۆربوون و مانەوەی ئەو پاشماوانە لە نەخۆشخانەكان و پێی وایە، ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی و ڤایرۆس و نەخۆشی خوێنی هەیە.

بەڵام ئەندامەكەی پەرلەمان داوای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كردووە كاتێك گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای زبڵ و خاشاك دەكەن، مەرجی وەزارەت ئەوە بێت ئۆتۆمبێلی تایبەت بە كۆكردنەوەی ئەو پاشماوە پزیشكییانە دابین بكەن و ژمارەی كارگوزارەكانیان زیاد بكرێت بۆ ئەوەی بە بەردەوامی كار لەسەر ئامێرەكان بكەن بۆ لەناوبردنی پاشماوەكان.

" نەخۆشخانە ئەهلییەكان پێویستە ئۆتۆكلیفی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی لە ناوخۆی نەخۆشخانەكان لەناو ببرێت، بەڵام بەداخەوە هیچ نەخۆشخانەیەكی ئەهلی ئەو ئامێرەی نییە." گەلاوێژ وای گوت.

هاوكات مستەفا محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری هۆبەی ژینگە لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی هەولێر، بە"وشە"ی  راگەیاند، نەخۆشخانە ئەهلییەكان پابەندی ئەو مەرجە نابن كە پێویستە ئامێری ئۆتۆكلیف لە نەخۆشخانەكانیان هەبێت، ئەوانیش بەردەوام لە ملیۆنێك دینارەوە تا پێنج ملیۆن دینار سزایان دەدەن.

پاشماوە پزیشكییەكان لە نەخۆشخانەكان دەخرێتە ناو بۆكسی تایبەت یان كیسەی رەنگاوڕەنگ، بۆ ئەوەی جیاكردنەوەیان ئاسانتر بێت لە كاتی گواستنەوەدا.

لەبارەی پلانی حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی، مستەفا محەمەد ئەمین، زیاتر گوتی، :بەرنامە هەیە ئۆتۆكلیف زیاد بكرێت، هەروەها پڕۆپۆزەڵیش پێشكەشی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر كراوە بۆ ئەوەی ئامێری گەورە بكڕن، چونكە ئەو دووانە ناتوانن كۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو پاشماوانە بكەن كە لەو ژمارە زۆرەی نەخۆشخانەكان دەردەچێت.

جگە لەمە كرێی گواستنەوەی زۆریش لە نەخۆشخانەكان وەردەگیرێت، بە جۆرێك ئێستە هەر نەخۆشخانەیەك ئەگەر 100 كیلۆ پاشماوە ببات بۆ نەخۆشخانەی نانەكەلی یان لەدایكبوون، بۆ هەر كیلۆیەك پێنج هەزار دینار وەردەگیرێ.
نەخۆشخانە ئەهلییەكان ڕۆژانە 100-150 كیلۆ پاشماوەی مەترسیداریان هەیە

نەخۆشخانە ئەهلییەكان ڕۆژانە 100-150 كیلۆ پاشماوەی مەترسیدار هەن، بەڵام تەنیا 15-20 كیلۆ دەگوازنەوە شوێنی لە ناوبردنی پاشماوەكان، ئەویش بەهۆی گرانی نرخی گواستنەوە، ئەوانەی تر لەگەڵ زبڵی ئاسایی فڕێ دەدرێن و بەوەیش مەترسی دەخەنە سەر ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان.

"بۆ چارەسەری نرخی گواستنەوە داوامان كردووە كیلۆی بكرێت بە دوو هەزار دینار، بۆ ئەمەش چاوەڕێین بزانین وەڵامی وەزیری تەندروستی چی دەبێت" بەڕێوەبەری هۆبەی ژینگەی وا دەڵێت.

جۆرێكی پاشماوە ئاساییەكان بریتین لە خورادەمەنی و كاغەز و كارتۆن. جۆرێكی تریان بریتین لە مادە بەكارهاتووەكان، ئەوانیش قوتووی دەرمان و چبس و پلاستەر و دەرزی و چەقۆ و لۆكە و شووشە... هتد. بەشێكی تر لە پاشماوەكان بریتین لە پاشماوەی پشكنین و دەرخستن، وەك مادەی وێنەگرتن و تیشكی ئێكس... هتد. هەروەها دەرمانی ماوەبەسەرچوو یان گەڕاوە، گیراوەی ماوەبەسەرچوو، بەپێی قسەی ژینگەپارێزان تا پاشماوەكان زۆربن، جیاكردنەوەی پاشماوەكان و كۆكردنەوەیان ئەستەمە.





وشە - زریان تەها