هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد

:: AM:08:40:17/10/2016 ‌

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سعوود بارزانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ستیان به‌ پێشڕه‌وی كرد.

فەرماندەیەكی سەربازی لە میحوەری خازر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێرشەكە بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان دەستی پێ كردووە و پێشمەرگەی كوردستان لە پێشڕەویدان.

هەروەها گوتی، پلان و وردەكاری تەواومان پێگەیشتووە، دەمانەوێ ئەمڕۆش ژمارەیەك گوندی تر رزگار بكەین و زیاتر نزیك بینەوە لە مووسڵ.

هاوكاری "وشە" لە میحوەری خازر ئاشكرای كرد، پێشمەرگە بە دەوری چیای زەرتكەوە بەرەو خوارەوە دەڕۆن و بەردەوامن لە پێشڕەوی، فڕۆكەكانی هاوپەیمانانیش لە ئاسمانی ناوچەكە دەسووڕێنەوە و بە بەردەوامی بۆردمانی تیرۆریستان دەكەن.

هەروەها گوتی، لەسەر چیای زەرتكەوەش تۆپهاوێژەكانی ئەمەریكا بە قوڕسی بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستان بۆردمان دەكەن.


مووسڵ لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكداری چوار فیرقەی سوپا و هێزەكانی پۆلیسی ناوخۆیی كەوتە دەست تیرۆریستان، بەوهۆیەوە نزیكەی 350 هەزار هاووڵاتی مووسڵ ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوو، هاوكات دوای زیاتر لە دوو ساڵ مانەوەی شارەكە لە ژێر دەستی تیرۆریستان، ئەمڕۆ دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر هێرشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بە سەرپەرشتی ئەمەریكا و بەبەشداری 63 دەوڵەت، دەستی پێ كرد.

هەولێر/ كاوە جەم.


وشە - باز ئه‌حمه‌د