فڕه‌نسا بانگێشتی باڵوێزی توركیا ده‌كات

:: PM:04:56:10/10/2019 ‌

وڵاتی فڕه‌نسا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوای له‌ باڵوێزی توركیا كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ سه‌ربازییانه‌ی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان كردوویانه‌، ڕوونكردنه‌وه‌ بدات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م (10ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر) چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیبلۆماسیی فڕه‌نسی ڕایان گه‌یاند، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌، به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوای له‌ باڵوێزی توركیا له‌ پاریس كردووه‌، هه‌رچی زووه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاری هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان بخه‌نه‌ ڕوو.

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، باڵوێزی توركیا چووه‌ته‌ ناو باره‌گه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فڕه‌نسا و له‌گه‌ڵ وه‌زیری وڵاته‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌یان كردووه‌.

فڕه‌نسا یه‌كه‌م وڵات بوو به‌توندی ئیدانه‌ی كرد
هه‌ر سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌رێ كانی، ئیمیلی دۆ مۆنشالان وه‌زیری ده‌وڵه‌تی فڕه‌نسی بۆ كاروباری ئه‌وروپا ڕای گه‌یاند، ئێمه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ ده‌كه‌ین و به‌په‌له‌ش داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌كه‌ین كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن.

دوێنێ وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانی زۆری خۆیان بۆ پلانەكەی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ناوچە كوردییەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا دەربڕی، ئەمڕۆ چوارشەم دوای دەست پێكردنی هێرشەكە وڵاتانی بەلجیكا و فڕەنسا و ئەڵمانیا و پۆڵەندا و بەریتانیا داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشیان كرد.

 ئەمڕۆ فڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەی توركیای كرد بۆ سەر باكوری سووریا و گەیاندییە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئیمیلی دو مۆنشالان، وەزیری كاروباری ئەوروپای فڕەنسی گوتی، فڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیا دەكات و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ باسكردنی ئەو بابەتە كردووە. 

زیاتر گوتی، هەریەك لە فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا خەریكی ئامادەكردنی راگەیاندنی هاوبەشن كە تیایدا دووپاتی سەركۆنەكردنی توندی ئەوەی لە سووریا روودەدات دەكەنەوە و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین.

ڕۆژی نۆی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا، ئۆپراسیۆنی "كانی ئاشتی" ڕاگه‌یاند كه‌ بریتییه‌ له‌ داگیركردنی به‌شێكی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان، به‌بیانووی پاراستنی وڵاته‌كه‌ی له‌ هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل. هێرشه‌كه‌ سه‌ره‌تا بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاری سه‌رێ كانی بوو، دواتر بۆ ناوچه‌كانی تر بڵاو بووه‌وه‌.
پێشتر ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌سه‌ر دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ باكوری سووریا ڕێككه‌وتبوون، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ ورده‌كاریی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بۆچوونی جیاوازیان هه‌بوو. توركیا ده‌یویست ئه‌مه‌ریكا ددان به‌وه‌دا بنێ كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ تیرۆریستن، له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكاش ده‌یویست توركیا ڕازی بكات كه‌ ده‌بێ ئه‌و هێزانه‌ به‌شداریی پاراستنی سه‌قامگیری ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ بكه‌ن، چونكه‌ به‌شێك بوون له‌ شه‌ڕی داعش. 
پێشتر چه‌ندان جار سه‌رۆكی توركیا ئه‌وه‌ی به‌گوێی ئه‌مه‌ریكا دا كه‌ ئه‌وان به‌ته‌نیاش بێت ئه‌م هێرشه‌ ده‌كه‌ن و وێڕای هه‌ڕه‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، توركیا گفتی خۆی هێنایه‌ جێ، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا هیچ هه‌ڵوێستێكی كرداری نه‌نواندووه‌، جگه‌ له‌ چه‌ند توویتێك نه‌بێ.



وشە - كوردۆ شابان