كارلۆس رەتی دەكاتەوە خاوەن زۆرترین مووچەی یاریزانان بێت
كارلۆس تێڤێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی رەتی كردەوە لە یانەی شینگهای شینهوای چینی پارەیەكی خەیاڵی وەك مووچە وەربگرێت و خاوەن زۆرترین مووچەی یاریزانان بێت لە جیهاندا.
تێڤێز /32 ساڵ/ لە چەند رۆژی رابردوودا بە گرێبەستێك لە یانەی بۆكا جۆنیۆری ئەرجەنتینی پەیوەندی بە یانەی شینگهای شینهوای كرد.
رۆژنامەكان پێشتر بڵاویان كردبووەوە كە گرێبەستەكەی تێڤێز لەگەڵ یانەی شینگهای شینهوای خەیاڵییە و وەك مووچە زۆرترین پارە لە یانەكەدا وەردەگرێت و خاوەن زۆرترین پارەیە بەبەراورد لەگەڵ سەرجەم یاریزانان لەسەرتاسەری جیهان.
لەمباریەوە تێڤێز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تا ئێستا بەهیچ شێوەیەك باسم لە مووچەكەم لە یانەی شینگهای شینهوای نەكردووە، ئەویش وەك رێزێك بۆ یاریزانەكانی تری یانەكە.
زیاتر گوتی: پێویستە یاریزان بەهیچ شێوەیەك باسی مووچەكەی نەكات بۆ ئەوەی ببێتە رێزێك بۆ یاریزانەكانی تر.
تێڤێز رەتی كردەوە كە مووچەكەی ئەوەندە زۆر بێت وەك ئەوەی لە رۆژنامەكان بڵاو كراوەتەوە و جەختیشی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك خاوەن زۆرترین مووچەی یاریزانان نییە و یاریزانی تر هەن مووچەكەیان لەو زیاترە.
لە هەمانكاتیشدا ئەو هێرشبەرەی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد و مانچستەر سیتی و یۆڤانتۆس رەتی كردەوە بڕی مووچەكەی لە یانەی شینگهای شینهوای ئاشكرا بكات.
بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان ئەو مووچەیەی كە تێڤێز لە یانەی شینگهای شینهوای لە خولی تۆپی پێی چین وەری دەگرێت برێتییە لە مووچەی هەفتانەی 650 هەزار پاوەن، ئەگەر ئەو زانیارییانەش راستبن ئەوا بەڕاستی تێڤێز خاوەن زۆرترین مووچەیە بە بەراورد لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی جیهان.
وشە -
ئامانج ئهكرهم