"حكوومەتی عێراق پاڵپشتی زیاتری مانەوەی پەكەكە لە شنگال دەكات"

:: PM:07:59:21/01/2017 ‌
قایمقامی شارۆكەی شنگال رای دەگەیەنێت كە حكوومەتی عێراق لە پشت مانەوەی پەكەكەیە لە شنگال و بەهیچ شێوەیەك رژد نەبووە لە دەركردنی پەكەكە لە شنگال و ئاماژەی كرد كە بەغدا بە كردەنی هەنگاوی نەناوە بۆ وەدەرنانی پەكەكە لە شنگال، بە پێچەوانەوە پاڵپشتی زیاتریان دەكات.

 مەحما خەلیل ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، پێویستە حكوومەتی عێراق چیتر پاڵپشتی لە مانەوەی پەكەكە لە شنگال نەكات، چونكە بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین شنگال ببێتە ناوەندی ململانێی هەرێمایەتی و ناوچەكە و پێگەیەك بۆ بەرژەوەندیی ئێران و سووریا، بۆیە مانەوەی ئەو گرووپە بووەتە كێشە و سەر ئێشە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هەموو هێز و وڵاتانی ناوچەكە.

زیاتر گوتی، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٥، خەڵك دڵخۆش بوون كە شنگال ئاوەدان دەكرێتەوە و تاوانەكانی بە جینۆساید دەناسێندرێن و گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەڵ دەدرێنەوە و قەرەبووی كوردانی ئێزدی دەكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بوونی گرووپە نا یاساییەكانی وەك پەكەكە خەڵكی شنگال گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە پەكەكە رێگرێكی سەرەكییە لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە، بۆیە داواكارن پەكەكە لە شنگال نەمێنێت.

خەلیل ئاماژە دەكات كە یەكێك لە بەربەستە هەرە سەرەكییەكانی بەردەم نەگەڕانەوەی ئاوارەكان پەكەكەیە، خەڵك مەترسی هەیە كە ئەو گرووپانە ناسەقامگیریان دروست كردووە، خەڵك چاوەڕێی ئەوە بوون لە رێگەی یاساوە سەقامگیری بۆ شنگال دەستەبەر بكرێت، بەداخەوە یاساش رۆڵی خۆی نەبینی، یەكێكی تر لە هۆكارەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شنگال بوونی چەكدارانی داعشە لە سنوورەكە كە 20% خاكی شنگالیان تا ئێستە بەدەستەوەیە، هەروەها نەبوونی خزمەتگوزاری كە ئاستەنگن لە بەردەم نەگەڕانەوەی هاووڵاتییانی بۆ زێدی خۆیان.

قایمقامی شارۆكەكە دەڵێ، پێش داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ زیاتر لە ٥٠ هەزار خێزان لە شنگال دەژیان، دوای ئاوارەبوون و پاشان كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن پێشمەرگە كە ساڵێك بەسەر كۆنتڕۆڵكردنەوەی تێپەڕی تا ئێستە تەنیا 8%ی ئاوارەكانی شنگاڵ گەڕاونەتەوە كە نزیكەی هەشت هەزار خێزان دەبێت.

دووپاتی كردەوە كە لە قۆناغەی ئێستە پەكەكە هیچ رۆڵێكی ئەوتۆی نییە كە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بە گشتی و شنگال كوردانی ئێزدی بێت بە تایبەتی، بۆیە سەرجەم هاووڵاتییانی و كوردانی ئێزدی بە ئاشكرا دەنگ هەڵدەبڕن كە بەهیچ شێوەیەك مانەوەی پەكەكە قبووڵ ناكەن، جگە لە خەڵك حكوومەتی خۆجێی شنگال و پارێزگای نەینەوا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزانی وڵاتە زڵهێزەكانی وەك ئەمریكا و ئەڵمانیا سوورن لەسەر دەركردنی پەكەكە لە شنگال.

خەلیل زیاتر گوتی، ئەو گرووپانەی لە كوردانی ئێزدی پێك هێنراون جا چ ئەوانەی لە رێزی پەكەكە بن یاخود ئەوانەی لە دەرەوەی پەكەكە، بەهیچ شێوەیەك مۆڵەتی دامەزراندنیان نەبووە، بۆیە دوای دەرچوونی پەكەكە لە شنگال پێویستە ئەو گرووپانە بە یاسایی بكرێن یان ئەوەتە خەباتی مەدەنی هەڵدەبژێرن، یان دەبێت مۆڵەت بۆ خۆیان بەدەست بێنن.

ئەو بەرپرسەی شنگال دووپاتی دەكاتەوە كە بەدواداچوونیان كردووە و حكوومەتی عێراق لە پشت مانەوەی پەكەكەیە لە شنگال كە بەهیچ شێوەیەك رژد نەبووە لە دەركردنی پەكەكە لە شنگال، بە كردەنیش هەنگاوی نەناوە بۆ وەدەرنانی پەكەكە لە شنگال بە پێچەوانەوە پاڵپشتی زیاتریان دەكات.

خەلیل هۆكاری حاڵەتەكانی كوشتن و رفاندنی هاووڵاتییان لە شنگال گەڕاندەوە بۆ بوونی پەكەكە و چەندین گرووپی تر و ئاماژەی كرد كە هەر ئەو گرووپانە بوونەتە هۆی ئەوەی هیچ یاسایەك لە شنگال بوونی نەبێت، وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی شنگال بەردەوامین لە لێكۆڵینەوە بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەكانی كوشتن و رفاندن ئاشكرا بكەین.

دوای دەست پێ كردنی هێرشەكانی داعش لە عێراق لە حەزەیرانی 2014 چەند ناوچەیەكی فرەوانیان داگیر كرد لەوانە مووسڵ، داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ هێرشی كردە سەر شارۆكەی شنگال كە زۆرینەیەكی كوردی ئێزی تیادا دەژی و لەگەڵ ناوچەكانی دەوروبەری داگیری كردن و كوشتارگەیەكی دڕندانەی بۆ رێك خستن.

دوای ئازادكردنەوەی شنگال لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی 2015، تا ئێستە خەڵكەكەی نەیانتوانیوە بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە، لەو كاتەی پێشتر زیاتر لە ٥٠ هەزار خێزان لە شنگال دەژیان، بۆیە دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆكەكە تەنیا 8%ی ئاوارەكانی شنگاڵ گەڕاونەتەوە كە نزیكەی هەشت هەزار خێزان دەبێ، بێجگە لەوەی تا ئێستە چەكدارانی داعش 20% خاكی شنگالیان بەدەستەوەیە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل