بریندارەكانی پێشمەرگە لە هەولێر چارەسەر دەكرێن

:: PM:08:01:21/01/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاگەداری پێشمەرگە بریندارەكانی جەنگی داعش دەكاتەوە كە بەمەبەستی چارەسەركردنی تەواوەتیان، پزیشكێكی پسپۆڕی ئەوروپایی سەردانی هەولێر دەكات و چارەسەری بریندارەكان دەكات.

ئەمڕۆ شەموو لە ئاگەدارییەكەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر كە وێنەیەكی بۆ "وشە" هاتووە دەڵێت، گشت ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە بریندارن بە تایبەتی بریندارانی ئێسك و شكان، كە تا ئێستە بە تەواوی چارەسەر نەكراون یان چارەسەركردنیان بەهۆی سەختی برینداربوونەوە سەخت بووە، ئێستە لە هەولێر چارەسەریان بۆ دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لە ئاگادارییەكەی دەڵێت، سبەی یەكشەم پزیشكێكی ئەوروپایی لە بواری ئێسك و شكان سعات 9ی بەیانی لە (نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی) پێشوازی لە بریندارانی پێشمەرگە لە بواری پسپۆرێتی خۆی دەكات، بە مەبەستی دەستنیشانكردنی تەواوی چارەسەرییەكەیان.

لە ماوەی زیاتر لە دوو سال و نیوی ڕابردوو لە جەنگی دژ بە داعشدا چەندین پێشمەرگە برینداربوون، بەشێكیان بۆ چارەسەر بۆ ئەوروپا نێردران و بەشێكیشیان بەهۆی هەندێك كێشە نەتوانرا بنێردرێنە دەرەوە، ئێستە ئەم پێشمەرگانە لە شاری هەولێر چارەسەرییان بۆ دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد