لە چۆمان كارتێكی جیاوازی قوتابییان دەدرێتەوە

:: PM:09:51:21/01/2017 ‌

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چۆمان، بەڕێوەبەرێك كارتی وەرزی یەكەمی قوتابیانی بە دیزاینێكی جیاواز دروست كردووە و چەند وشەیەكی لەسەر كارتی قوتابییان زیاد كردووە، بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمانیش لێی بێ ئاگایە.

 رزگار حەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی چۆمانی بنەڕەتی تێكەڵاو بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانە كارتی قوتابییان بە شێوەیەكی جیاواز دروست دەكەم و حەزم بە وردەكاری و شتی نوێیە لە ئیدارە، ئەوەی ئەمساڵ بیرم لێ كردووەتەوە كە حەز و بیرۆكەی خۆم بووە و ئەو گوزارانەی ئێستە هەیە و دەمەوێت بۆ مێژوو بمێنێتەوە. 

ئەو مامۆستایە لەسەر كارتی قوتابییانی پۆلی یەكەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی قوتابخانەكەی نووسیووە، ئەگەر (خوێنی شەهید) و قارەمانیەتی پێشمەرگە نەبووایە، ئێمە هەرگیز پارێزراو نەبووین، بۆیە جێ هێشتنی پۆلەكانی خوێندن و بایكۆتكردن لە فەرهەنگی ئێمە نەبووە و نابێت. 

دوای ئەوەی لە زۆرینەی ناوچەكانی پارێزگەی سلێمانی مامۆستایان بایكۆتی دەوامی رۆژانەییان كرد و قوتابییان لە خوێندن و دەوامی ئاساییان دابڕێنران و لە خوێندن دواكەوتن، ئەم بەڕێوەبەرە ئەمڕۆ شەموو كارتی وەرزی یەكەمی قوتابییانی دایەوە و  بە گوتەی خۆی بۆ كارتی پۆلەكانی چوار و پێنج و شەش بیرۆكەیەكی تری هەیە.

ئەو مامۆستایە دەڵێ كە ویستم كارێك بكەم بۆ مێژوو بمێنێتەوە و گەورەیی پێشمەرگە و شەهیدەكانمان هەمیشە لە یاد بێت و هیچ كات لەیاد نەچێت، هەموو تاكێك ئەوە بزانێت كە خوێنی شەهیدان و نەبەردی پێشمەرگەكان بووەتە هەوێنی ئاسایشی كوردستان و قوتابیانیش لە سایەی قوربانیدانی پێشمەرگەكانەوە درێژە بە خوێندن دەدەن، ساڵانی داهاتوو و دوای جەنگ ئەوە بزانین پێشمەرگە هۆكارێك بووە بۆ پارێزگاریكردن لە خاك و خەلكی كوردستان.

بە قسەی خۆی دوور و نزیك ئەم كارەی پێوەندی بە حزبەوە نییەوە و نازانن لە نێو قوتابخانە قوتابییان سەر بە چ لایەنێك و  پارتێكی سیاسین و ئەوەی كردوویانە تەنیا رێزگرتنە لە پێشمەرگە و شەهیدەكانیان.

لای خۆیەوە مامۆستا چەتۆ عەباس، بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان بێ ئاگەیی خۆی لەو بابەتە پێشان دا و بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە ئاگەداری هیچ شتێكی لەو جۆرە نین و سبەی یەكشەم  بەدوواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین و لە نزیكەوە كارتی ئەو قوتابییانە دەبینین كە دەستكاری كراوە، ئەو دووپاتی كردەوە كە جارێ ناكرێ بڵێین كارێكی باش یا خراپی كردووە.

قوتابخانەی چۆمانی بنەڕەتی تێكەڵاو لە سەنتەری شارۆكەی چۆمانە، 220 قوتابی هەیە دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر بە دووری 160 كم .

چۆمان/ موڕشید برادۆست














وشە - مه‌حموود ئیسماعیل