برنجێكی مەترسیدار له‌ سلێمانی بڵاو بۆته‌وه‌

:: PM:11:02:21/01/2017 ‌
لە ناو شەقامەكان و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی جۆرە برنجێكی خڕ بە ناوی برنجی كوردی دەفرۆشرێت، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش ئەو برنجە بە مەترسیدار دەزانن و دەڵێن هیچ ناو و ناونیشانێكی نییە و لە ناو گونی فەلدایە.
 
گۆڕان قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕأگەیاند، دوای ئەوەی زانیاریمان هەبوو لە چەند شوێنێكی شاری سلێمانی جۆرێك لە برنج دەفرۆشرێت، دوای هەڵمەتێكی لیژنەكان بۆ ڕێگری كردن لە فرۆشتنی ئەو برنجە، بۆمان دەركەوت ئەو برنجە هیچ ناو و ناونیشانێكی نییە.
 
ئەوەشی گوت، لە ناو كۆگایەكی تایبەت ئەو برنجە هەبووە، بڕێكی زۆر لەو برنجە كە 9 تۆن بووە دەستی بەسەردا گیراوە، لە كۆگایەكی تریش 3 تۆن و لە چەند شوێنی تریش بڕێكی تر دەستی بەسەردا گیراوە و كۆی كشتی دەگاتە 20 تۆن.
 
باسی لەوەش كرد، لەبەر ئەوەی ئەو برنجە لەناو گونیەكی فەلدایە، نازانرێت كەی دروستكراوە و بەسەر دەچێت، بۆیە زۆر ترسمان لەوە هەیە و بەردەوام لە گەڕانداین، نازانین لە چ شوێنێك و وڵاتێك هاتووە.
 
گوتیشی: "لەبەرئەوەی ئەو برنجە مادەی فەلكراوە پشكنینی بۆ ناكرێت لە تاقیگەكان، بە ناوی برنجی كوردیش دەفرۆشرێت و بڕێكی زۆر چەڵتوكی تێدەكرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتی بیكڕێت كە كیلۆی بە 2 هەزار دینارە، لە كاتێكدا برنجی كوردی ره‌سه‌ن بەو پارە نافرۆشرێت".
 
ئەوانەی كە لەسەر عەرەبانە دەیفرۆشن، لە كاتی دەست بەسەراگرتنیان به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕكراوه‌ته‌وه‌، هەموو برنجەكانیش خراپن، بەڵام ئەو گونیە كە خەتی سوری پێوەیە، گومانەكان زیاتر دەكات.
 
هەر كەسێكیش لەسەر ئەو كارە دەستگیر بكرێت، دواتر ڕووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، گۆران قادر وای گوت.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - عه‌لی سدیق