هێزێكی نوێی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای كوردستان دروست دەكرێت كە لەژێر چاودێری هاوپەیمانان دەچێتە رۆژئاوا و ئەندامێكی نووسینگەی ئەنەكەسە لە هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە هێزەكە لە هەموو ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاوەیان پێ دەكرێت و كاری ئەوان پاراستنی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی داعش دەبێت.
نەواف رەشید ئەندامی نووسینگەی ئەنەكەسە لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئامادەكاری كردووە بۆ ئەوەی هێزێكی ١٠هەزار پێشمەرگە بۆ ئەنەكەسە دروست بكات كە كاری ئەو هێزە پاراستنی رۆژئاوای كوردستان دەبێت و خۆیان مەشق و راهێنانیان پێ دەكەن و پڕ چەكیان دەكەن و هاوكاری داراییان پێشكەش دەكەن.
زیاتر گوتی، لە ئێستەدا ناونووسكردن بۆ دروستكردنی ئەو هێزە دەستی پێ كردووە و خەڵكێكی زۆریش لە كەمپەكانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دێن ناوی خۆیان تۆمار دەكەن بۆ ئەوەی بێنە ریزەكانی ئەو هێزەوە.
زیاتر گوتی، ئەو هێزە دەبێتە هێزێكی نیشتیمانی رۆژئاوای كوردستان و پێوەندی بە هیچ وڵاتێكەوە نییە و تەنیا كاری ئەوان پاراستنی رۆژئاوای كوردستان دەبێت و هاوپەیمانانیش هاوكارییان دەكەن و ئەنەكەسەش سەرپەرشتی ئەو هێزە دەكات.
رەشید روونی كردەوە، فەرماندەی هێزی زێرەڤانی سەرپەرشتی دروستكردنی ئەو هێزە دەكات و دوای تەواوبوونی هێزەكەش لەژێر چاودێری هاوپەیمانان رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكرێت، بۆ ئەوەی شەری براكوژی لەرۆژئاوای كوردستان دروست نەبێت.
دووپاتی كردەوە كە بە دروستكردنی ئەو هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان دەبێتە ١٥ هەزار پێشمەرگە و ئاماژەی كرد بێ گومان پەیەدە رازی نییە بەوەی ئەو هێزە بچێتە رۆئاوای كوردستان، بەڵام گەر هاوپەیمان فشارێك لەسەر پەیەدە دروست بكەن، ئەو كات ناچار دەبن بەوە رازی بن، چونكە نامانەوێ شەڕی براكوژی دروست بێت.
رەشید زیاتر گوتی، ئەو هێزە لە هەموو ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاوەیان پێ دەكرێت و كاری ئەوان پاراستنی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و روبەڕووبوونەوەی داعش دەبێت، ئەو هێزە دەبێتە هێزێكی نیشتیمانی رۆژئاوای كوردستان و پێوەندی بە هیچ وڵاتێكەوە نییە و تەنیا كاری ئەوان پاراستنی رۆژئاوای كوردستان دەبێت و هاوپەیمانانیش هاوكارییان دەكەن و ئەنەكەسەش سەرپەرشتی ئەو هێزە دەكات.
بڵند ئیبراهیم