شارەوانیی سلێمانی زەوییە نایابەكان بە پارەی كەم دەفرۆشێت

:: AM:08:43:22/01/2017 ‌
 بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ چەند پڕۆژەیەكی شارەكە، شارەوانیی سلێمانی دەستی بە فرۆشتنی زەوییە نایابەكانی موڵكی دەوڵەت كردووە، بەڵام هەرچەند شارەوانی ئامادە نییە نرخی زەوییەكان ئاشكرا بكات، بەڵام دان بەوەدا دەنێن بە پارەی زۆر و گونجاو نافرۆشرێن، ئەوەش بۆ بارودۆخەكە دەگێڕنەوە، لەكاتێكدا ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كارەكە بە راوێژ و رەزامەندی ئەوان نەكراوە.
 
سەردەشت ڕەفیق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو زەوییانەی كە دەفرۆشرێن داهاتەكەی بۆ چەند پڕۆژەیەكی گرنگی شاری سلێمانییە كە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە هاووڵاتییانەوە هەیە و وەزارەتی شارەوانیش رەزامەندی نیشان داوە تا ئەو زەوییانە بفرۆشرێن و داهاتەكەشی لە سنووری شارەوانی شارەكە بەكار بهێنرێتەوە.

ئەو دەڵێ‌، "پارچە زەوییەكان بە شێوەی موزایەدە دەفرۆشرێن، داهاتەكەشی بۆ یەكتربڕی مامۆستایان كە دەكەوێتە شەقامی مەلیك مەحموود و یەكتربڕی خەبات و پردی كۆبانێ، لەگەڵ چەند پڕۆژەیەكی تر، بەكار دێت".

فرۆشتنی زەوییە نایابەكانی سلێمانی پاش ئەوە دێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی تەنگژەیەكی قورسی دارایی بووەتەوە و شارەوانییەكانیش كە خاوەنی چەندان پارچە زەویی نایابن، دەستیان كراوەتەوە لە فرۆشتنی ئەو زەوییانە، بەمەبەستی پەیداكردنی سەرچاوەیەكی داهات لە سنوورەكەیاندا. 

رەفیق زیاتر دەڵێ‌، "بەهۆی ئەو تەنگژانەی هەیە، نرخی زەوی بەگشتی دابەزیوە، بەو هۆیەوە زەوییەكان وەك جاران پارە ناكەن، ئێمە لە ساڵی 2016دا زەوییەكمان فرۆشتووە و ئێستەش چەند پارچە زەوی تر بۆ فرۆشتن ئامادە كراون". 

لای خۆیەوە محەمەد رەسووڵ، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، "هیچ پرس و ڕاوێژێك بە ئێمە نەكراوە بۆ فرۆشتنی ئەو زەوییانەی سلێمانی كە شارەوانیی شارەكە بڕیاری فرۆشتنیانی داوە، ئەنجوومەن هیچ ئاگاداری ئەو كارەی شارەوانی نییە".

دووپاتی كردەوە، "هەر كارێك لە چوارچێوەی یاسا و كارگێڕی كە لە سنووری سلێمانی دەكرێت، پێویستە ئەنجوومەن ئاگادار بكرێتەوە و رەزامەندی ئەنجوومەنی هەبێت، ئەنجوومەنیش دەبێت قسەی خۆی لەسەر فرۆشتنی ئەو زەوییانە هەبێت، ئەگەر ئەنجوومەن فرۆشتنی ئەو زەوییانەی پێ باش نەبوو، نابێت بكرێت و پێویستە رابگیرێت".

زیاتر دەڵێ‌، "ئەگەر ئەنجوومەن كارا بێت، دەبێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بڕیار بدات، تا چەند گرنگە ئەو زەوییانە بفرۆشرێت، بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009، كاتێك كێشە لە نێوان ئەنجوومەن و هەر یەكێك لە وەزارەتەكان دروست دەبێت، پێشینە و رەوایەت بۆ بڕیاری ئەنجوومەن دەبێت".

بەڕای شارەزایەكی ئابووری، فرۆشتنی زەوییە حكوومییەكان كارێكی باش نییە، بەڵام لە دۆخی لەو شێوەی ئێستەی هەرێمی كوردستاندا، ئاسایییە حكوومەت زەوییەكان بفرۆشرێت.

د. محەمەد ڕەئووف، شارەزای بواری ئابووری و مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی پرەنسیپە ئابوورییەكان ئەگەر حكوومەت سەرچاوەی داهاتی نەبێت، ئاسایییە موڵكی دەوڵەت بفرۆشرێت.

ئاماژەی دا، "ئەو كارە لە ڕووی ئابوورییەوە هیچ كێشەی نییە، چونكە لە دەستی حكوومەتەوە دەچێتە دەستێكی تایبەت، ئەوەش ئاراستەیەكی نیشتمانییە، بەوەش پارە بۆ حكوومەت دابین دەبێت بۆ پێداویستی حكوومەت".

رەئووف دەڵێ‌، "پێویستە زەوییەكان لە رێگەی موزایەدە و بەشێوەیەكی ئاشكرا بفرۆشرێن، بۆ ئەوەی گەندەڵی لە پرۆسەی فرۆشتنەكەدا نەبێت، بەڵام ئەگەر بە واسیتە بە یەكێك بدرێت، بەدڵنیایییەوە زیانی دەبێت و پارەی تەواوی پێ‌ نادرێت، لەكاتێكدا موزایەدە وا دەكات زەوییەكە بە نرخی گونجاو بفرۆشرێت". 

لە بەرامبەردا سامان مەحموود، جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، "ناتوانین بڵێین بە بەهای چەند زەوی دەفرۆشین، بەڵام پێوستییەكی زۆرمان بە پارە هەیە و چەند بكرێت زەوی نایاب دەفرۆشین، چونكە سەرەڕای تەواوكردنی چەند پڕۆژەیەكی گرنگی ناو شاری سلێمانی، داواكارییەكی زۆری هاووڵاتییانمان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان رووبەڕوو دەبێتەوە، شار ڕۆژ بەڕۆژ لە گەورەبووندایە و گەڕەك و كۆڵان نوێ دەكرێنەوە و پێویستیان بە خزمەتگوزارییە و ئەوەش پارەی دەوێت".

مەحموود ئاماژەی دا، "سەرجەم ئەو زەوییانەی شارەوانی دەیانفرۆشێت، تا ڕۆژی موزایەدە ئاشكرایان ناكات، هەمووشیان بە شێوەی موزایەدە دەفرۆشرێن و ئامادەكاریشیان بۆ كراوە، بەڵام زەوییەكانیش پێ دەچێ پارەی خۆیان نەكەن".

سلێمانی- هۆشیار عەلی




وشە - تایبه‌ت