فەیسبووك لە بواری رێكلامدا دەیەوێ سوود لە توانای گەنجێكی كورد وەربگرێ

:: AM:09:10:13/10/2019 ‌

عەلی عادل گەنجێكی شارەزای بواری ئای تی لە شارۆكەی كەلار /ناوەندی ئیدارەی گەرمیان/ بە"وشە"ی راگەیاند، "كۆمپانیای فەیسبووك بەفەرمی داوای لێ كردووم لە بواری رێكلامدا كاریان بۆ بكەم".

عەلی روونی دەكاتەوە، بەو پێیەی سپۆنسەری زۆر دەكات لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بەشێوەیەكی زۆر گونجاو، ئەو كارەی بووەتە مایەی سەرنجڕاكێشانی بەڕێوەبەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك. بۆیە وەك خۆی دەڵێ "كۆمپانیای فەیسبووك نامەیان بۆ ناردووە بۆ ئەوەی لە بواری رێكلام سوودی لێ وەربگرن".

عەلی ئەوەیشی خستەڕوو، بە شارەزایی خۆی لە ئای تی و سپۆنسەری رۆژانە، سوودی كردووە و سوودیشی بە كۆمپانیای فەیسبووك گەیاندووە.

ئەو گەنجە زیاتر لە جارێك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی گەرمیان و كتێبخانە گشتییەكانی گەرمیان خەڵات كراوە، چونكە بە شارەزا و توانای خۆی لە بواری ئای تی، زیاد لە جارێك توانیویەتی كۆمەڵێك پەیجی تیرۆریستانی داعش هاك بكات، كە مەترسی بوون بۆ سەر باری دەروونی هاووڵاتییان.

بە هاككردنی پەیجەكانی داعش، توانیومە بەرانبەر تیرۆر بوەستم

عەلی عادل هێمای بۆ ئەوەش كرد بە هاككردنی پەیجەكانی داعش، توانیویەتی بەرانبەر تیرۆر بوەستێت و بانگهێشتكردنیشی لەلایەن فەیسبووك بە خەڵاتێكی گەورە هەژمار دەكات، دووپاتی كردەوە "وەك گەنجێكی كورد شانازیی بەخۆمەوە دەكەم".

وشە/ سەبری هۆرێنی 



وشە - وشه‌