دوێنێ وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتانى كۆمكارى عه‌ره‌بى له قاهیره له دژى هێرشه‌كه‌ى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان كۆبوونه‌وه، به‌وپێیه‌ى توركیا هێرشى كردووه‌ته سه‌ر سنووری وڵاتێكى عه‌ره‌بى، كه‌چى هه‌ریه‌كه له سۆماڵ و قه‌ته‌ر ئاماده نه‌بوون واژوو له‌سه‌ر راگه‌یاندراوى كۆتایى بكه‌ن و حكوومه‌تى كاتی لیبیایش راسپارده‌كانى رێكخراوه‌كه‌ى ره‌ت كرده‌وه.
رۆژى چوارشه‌مى رابردوو ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا ده‌ستپێكى ئۆپراسیۆنێكى سه‌ربازى بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان راگه‌یاند، به‌هۆى ئه‌وه‌ى رۆژئاواى كوردستان تا ئێسته له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ك به‌شێك له خاكى سووریا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، هێرشه‌كه‌ى توركیا كاردانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى لێ كه‌وته‌وه و رۆژ له دواى رۆژیش كاردانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئاستى رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌رێمییه‌كان تاوتوێ ده‌كرێن.
دوێنێ له قاهیره وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌سه‌ر ئاستى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه كۆبوونه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى تاوتوێى هێرشه‌كه‌ى توركیا بكه‌ن بۆ سه‌ر خاكى سووریا، كه ئه‌مه سێیه‌م ئۆپراسیۆنه توركیا له ناو خاكى سووریا بێ ره‌چاوكردنى یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌نجامى ده‌دات.
قه‌ته‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستى دووباره كرده‌وه كه له به‌رانبه‌ر عه‌فرین هه‌یبوو
كاتێك له ساڵى 2018 توركیا هێرشى كرده سه‌ر عه‌فرین له ناو خاكى سووریا داگیرى كرد، كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى كۆبوونه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى رێسواى كاره‌كه‌ى توركیا بكه‌ن، كه‌چى قه‌ته‌ر تاكه وڵاتێك بوو كه رازى نه‌بوو ئه‌م كاره بكات.
دوێنیش ئه‌م وڵاته هه‌مان هه‌ڵوێستى نواند، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زاییه‌كى عه‌ره‌بى لێ كه‌وته‌وه. قه‌ته‌ر پێشتر له هاوینى 2017 له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه له سعوودیه و به‌حرێن و ئیمارات و میسڕ ئابڵۆقه‌ى ئابوورى خراوه‌ته سه‌ر، به تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى پاڵپشتى گرووپه تیرۆریستییه‌كان ده‌كات، له‌م كاته‌وه ئه‌م وڵاته پێوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكارى توركیا ده‌دات و ته‌نانه‌ت بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى گه‌وره‌ى توركیا له قه‌ته‌ڕ هه‌یه.
سۆماڵ هاوپه‌یمانێكى تر‌ى توركیا
به لای چاودێرانى سیاسییه‌وه هه‌ڵوێستى سۆماڵ له پاڵپشتى توركیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان شتێكى چاوه‌ڕوانكراوه، چونكه وه‌ك ماڵپه‌ڕه عه‌ره‌بییه‌كان ئاماژه‌یان بۆ كردووه، چه‌ندان ساڵه توركیا ده‌ست له كاروبارى سۆماڵ وه‌رده‌دات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى زۆرى له‌م وڵاته ده‌ست ده‌كه‌وێت.
میدیاى عه‌ره‌بى قه‌ته‌ڕ و سۆماڵ به پاڵپشتى دوژمنكاران تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن
له‌وانه ماڵپه‌ڕى جوارپرێس ده‌ڵێ، "سۆماڵ و قه‌ته‌ڕ به سامان و چه‌ك و چه‌كدار پاڵپشتى له ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن و هاوكارن بۆ رژێمى توركیا بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى وڵاتانى تر خه‌ونى خه‌لافه‌ت به‌دی بهێنن".
هاوشێوه‌ى قه‌ته‌ڕ توركیا بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى گه‌وره‌ى له سۆماڵ داناوه.
لیبیاى قه‌زافى پاڵپشتى كورد بوو لیبیاى ئێسته نه‌یار
له ساڵانى هه‌شتاكان سه‌رۆكى كۆچكردووى لیبیا موعه‌مه‌ر قه‌زافى له دیمانه‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى راى گه‌یاند، پاڵپشتى كورد ده‌كات بۆ سه‌ربه‌خۆیى، چونكه ئه‌مه مافێكى ره‌واى خۆیانه، كه‌چى لیبیاى ئێسته پاڵپشتى له ئه‌ردۆغان ده‌كات و له‌سه‌ر ئه‌ردۆغان ئاماده‌یه پێشێلى راسپاره‌كانى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى بكات.
لیبیا له بارودۆخێكى سه‌ختدایه، حكوومه‌تى فائیز سه‌راج كه حكوومه‌تێكى لاوازه و له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ددانى پێ نراوه، له‌لایه‌ن توركیاوه هاوكارى ده‌كرێت و به ده‌یان راپۆرت له ماوه‌ى رابردوودا له‌سه‌ر ئه‌وه بڵاو كراونه‌ته‌وه، كه توركیا به چه‌ك هاوكارى میلیشیاكانى سه‌ر به حكوومه‌تى فایز سه‌راج ده‌كات.
قه‌زافى سى ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پاڵپشتى بۆ سه‌ربه‌خۆى كوردستان راگه‌یاند
حكوومه‌ته نوێیه‌كه‌ى لیبیایش دژى كورد پاڵپشتى له توركیا ده‌كات
دوێنێ دواى كۆبوونه‌وه‌كه به‌رپرسانى حكوومه‌تى لیبیا رایان گه‌یاند، ئاستى نوێنه‌رایه‌تى دیپلۆماسى له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره كه‌م ناكه‌نه‌وه و دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه ئه‌وان توركیا به‌دۆستى لیبیا ده‌زانن.
كۆى هه‌ڵوێستى وڵاتانى عه‌ره‌بى له 11 خاڵ
دوور له راگه‌یاندراوى كۆتایى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى، هه‌ڵوێستى وڵاتانى عه‌ره‌بى له یه‌كتر جیاواز بوو، تا ئێسته‌یش ته‌نیا سعوودیه هێرشى توركیا به دوژمنكارانه وه‌سف ده‌كات، له راگه‌یاندراوه‌كه‌یش 11 خاڵ ده‌ستنیشان كراوه، به‌گوێره‌ى ئه‌م 11 خاڵه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانى توركیا ده‌كرێت.
1-رێسواكردنى هێرشى دوژمنكارانه‌ى توركیا بۆ سه‌ر خاكى سووریا به‌و پێیه‌ى سه‌رپێچییه‌كى روونه بۆ بنه‌ماكانى په‌یماننامه‌ى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و بڕیاره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى.
2- داوا ده‌كرێت هێرشى دوژمنكارانه بوه‌ستێت و ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانى توركیا بكشێنه‌وه.
3- رێكارى خێرا بگیرێته به‌ر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توركیا.
4- داوا له ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بكرێت به په‌له رێكارى له دژى توركیا بگرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى هێرشه‌كه‌ى بوه‌ستێنێ.
5- به توندى هه‌وڵى توركیا بۆ گۆڕینى دیموگرافیاى سووریا ره‌ت ده‌كرێته‌وه.
6- هه‌ر ئاژاوه و تیرۆرێك له ناوچه‌كه په‌ره‌بستێنێ به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى توركیا.
7- سكرتێرى گشتى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى راده‌سپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكات و ناوه‌ڕۆكى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بى پێ بگه‌یه‌نێت.
8- وڵاتانى عه‌ره‌بى له نیویۆرك راده‌سپێردرێن بۆ ئه‌وه‌ى كار بكه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توركیا له دامه‌زراوه‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
9- دووپات له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یى خاكى سووریا ده‌كرێته‌وه.
10- ده‌ستوه‌ردانى توركیا له وڵاتانى عه‌ره‌بى، بكرێت بڕگه‌یه‌كى جێگیر له كارنامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى.
11- داوا له سكرتێرى گشتى كۆمكاره‌كه ده‌كرێت چاودێرى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه بكات.