پەرلەمان بۆ دۆخی ڕۆژئاوا كۆبوونەوەی تایبەت دەكات

:: PM:04:22:13/10/2019 ‌
پەرلەمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و شێوازی هاوكاری  و یارمەتییەكان بۆ ڕۆژئاوا كۆ دەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 13ی تشرینی  یەكەم، ڕێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" رای گەیاند، بڕیارە ڕۆژی سێشەم پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی  تایبەت بە دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات.

بۆئه‌وه‌ی بزانیین په‌رله‌مان و حكوومه‌ت چییان پێده‌كرێت بۆ ڕۆژئاوا


بابكەیی گوتی، ئاگەداریمان بە شێوەیەكی فەرمی بەدەست نەگەیشتووە كە كۆبوونەوە دەكرێت، چونكە ئەو كاتەی پەرلەمان ئاگەدارییەكەی ناردووە بۆ ناو سندووقەی پەرلەمانتاران ئێمە لەماڵەوە بووین و كاتی دەوام نەبوو.

ئەو ئەندامە ئەوەیشی خستەڕوو، ئەو كۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە بزانین رۆڵی پەرلەمان چییە بۆ رۆژئاوای كوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان  چییان پێ دەكرێت بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەین.

ئەوە لەكاتێكدایە سوپای توركیا لە ئاسمان و زەویی هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەست پێ كردووە بە هەزاران كەس بەهۆی توركیاوە ئاوارە بوون، ئەنجوومەنی ئاسایشیش كۆبوونەوەی ئەنجام دا و كۆمكاری عەرەبیش بۆ سەركۆنەكردنی توركیا كۆبوونەوەی ئەنجام دا. 



وشە - زریان تەها