بەریتانیا لە تاقیكردنەوەی مووشەكێكی ئەتۆمی شكستی هێنا

:: AM:09:18:22/01/2017 ‌

ڕۆژنامەیەكی بەریتانی بڵاوی كردەوە، بەریتانیا شكستی هێناوە لە هەڵدانی مووشەكێكی ئەتۆمی ناسەربازی لە جۆری ترایدنت لەو ژێر دەریایییەی كە لە كەناراوەكانی فلۆریدا هەڵدراوەتە ئاسمان، لە مانگی حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوودا.

"سەندەی تایمز"ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای سەربازیی دەریاوانی بەریتانیا بڵاوی كردەوە، مووشەكەكە بە ئاراستەی پێچەوانە و بەرەو خاكی ئەمەریكا هەنگاوی دەنا.

هەروەها گوتی، ئەمە یەكەم ئەزموونی هەڵدانی مووشەكی ئەتۆمی بەریتانیایە دوای چوار ساڵ، ئەمەش ماوەیەكی كەم پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەت بووە لەلایەن تیریزا مای و دەنگدانی بەریتانییەكان بووە بۆ كشانەوە لە یەكێتیی ئەوروپا.

رۆژنامەكە نووسیویەتی، مای لە هەر ئاماژەیەكی ئەزموونە شكستخواردووەكە دوور خراوەتەوە، دوای ئەوەی پەرلەمان باوەڕی هێنا بە تەرخانكردنی 40 ملیار پاوەند، بۆ بنیادنانی ژێردەریایییەكی نوێ لە جۆری ترایدنت، ئەمەش لە یەكەم گوتاری تیریزا مای لە بەردەم پەرلەمان باسی لێوە كرا لە تەمووز/یۆلیۆی ڕابردوودا.

لە ساڵی 2007 پەرلەمانی بەریتانیا ڕەزامەندی پێشان دا بۆ بنیادنانی چوار ژێر دەریایی بەهێز كە مووشەكی ئەتۆمیش هەڵدەگرن، بۆ پاراستن و خولانەوە بە ئاوەكانی بەریتانیا. بەگوێرەی زانیارییەكانی "سەندەی تایمز" دوای دروستكردنیان تەنیا پێنج جار مووشەكی ئەتۆمی لەو ژێر دەریایییانەوە هەڵدراون و یەكێك لەو مووشەكانەش تێچوونەكەی 21.03 ملیۆن دۆلار بووە.

نووسینگەی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا لە حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو بڵاویان كردەوە، كە هێزی دەریاوانی شاهانەی بەریتانیا ئەزموونێكی ڕۆتینی هەڵدانی مووشەكی ترایدنتی ناسەربازییان لە ژێر دەریایی "فینجانس" لە چوارچێوەی پرۆسەی بە ئامانج گرتن و پشتبەستن بە ژێر دەریایییەكان و تیمەكانیان، ئەنجام دراون.

ژێر دەریایی "فینجانس و تیمەكە"ی سەركەوتوو بوون لە ئەزموونەكە، بۆیە خراونەتە خزمەتەوە، ئێمە متمانەی تەواومان پێیان هەیە كە چەكە سەربەخۆكانمان ئامادەن بۆ وەڵامی چەكی ئەتۆمیش.

هەریەك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، هیچ وردەكاری تریان لەبارەی كردەكانی ئەو ژێردەریایییانە نەخستە ڕوو، بەبیانووی ئەوەی پێوەستن بە ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیاوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د