هێزی پێشمەرگە هێڵەكانی بەرگری داعش تێك دەشكێنێت

:: AM:09:05:17/10/2016 ‌

لیوا عەزیز وەیسی فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی بە میدیاكانی راگەیاند، لە یەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، ئەو پلانە وەك خۆی جێبەجێ‌ دەكرێت كە رێككەوتنی لەسەر كراوە و داڕێژراوە.

وەیسی ئاماژەیدا، ئۆپەراسیۆنەكە لە ژێر سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێت و لە هەنگاوی یەكەمدا، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری خازر و باشیك بە قوڵایی سێ‌ كیلۆمەتر پێشڕەوییان كردووە و توانیانە هێڵی بەرگری داعش تێك بشكێنن.

یەكەم هەنگاوی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، بە پێشڕەویی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە دەوروبەری خازر دەستی پێ‌ كردووە.

لیوا قارەمان كەمال جێگری سەرۆكی ئەركانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە میدیاكانی راگەیاندووە،  لەیەكەم هەنگاوی ئۆپەراسیۆنەكەدا جگە لە هێزی پێشمەرگە، هیچ هێزێكی سەربازی عێراق بەشداری نەكردووە.

هاوكات رائید فاخیر خۆشناو لە یەكەی كەتیبەی ئەندازەی سەر بە هێزەكانی پشتیوانی یەك لە میحوەری خازر دووپاتی كردەوە كە تا گوندەكانی بەدەنە، شاقولی و شێخ ئەمیر لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە ئازاد نەكرێن، هێزەكانی سوپای عێراق ناتوانن هیچ جوڵە و پێشڕەوییەك بكەن.

خۆشناو ئاماژەیدا، سێ‌ مەفرەزەی ئەندازە جوڵەیان كردووە و لە پێشەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆمبی چێنراوی داعش پووچەڵ دەكەنەوە.

لای خۆیەوە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە روونی كردەوە، ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ بەپێی رێككەوتن و پلانی پێشوەخت پێشڕەوی دەكات، جگە لەو هێزانەی كە لە پلانەكەدا هەن، هیچ هێزێكی تر بەشداری ناكات. 

یاوەر روونی كردەوە، بەشداری هێز و یەكە سەربازییەكان بەتەواوەتی روونكراوەتەوە، هەر هێزێك لە زەوی و لە ئاسمان پێشڕەوی بكات، ئەگەر هێزێكی ناسراو نەبێت، مەترسی لەسەر خۆی دروست دەكات، چونكە بەپێی پلانەكە پێشڕەوییەكان داڕێژراون و هێزەكان لەسەر ئەو پلانە پێشڕەوی دەكەن.

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەرەو چەند گوندێكی ژێر دەستی داعش پێشڕەوییان كردووە و بەگوێرەی سەرچاوەكانی سەربازی، بە چەكی میلان چەند ئۆتۆمبێلێكی داعشیان تێك شكاندووە. ئێستە لە گوندەكانی بەدەنەی گەورە، بەدەنەی بچووك، خەرابە سوڵتان، كەبەرلی و قەرەملی شەڕ بەردەوامە و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆردمانی بنكە و مۆڵگەكانی داعش دەكەن.



وشە - ڕێبین فه‌تاح