چەند گەنجێكی هەرێمی كوردستان ون دەبن

:: AM:10:44:14/10/2019 ‌
چەند گەنجێكی هەرێمی كوردستان دەنگۆی چوونیان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بڵاو دەبێتەوە و بەڕێوەبەرێكی شارەدێیەكی دەڤەری ڕاپەڕین دەڵێت كەسوكاریان هیچ لایەنێكی فەرمییان ئاگەدار نەكردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 14ـی تشرینی یەكەم، نەهرۆ عەبدوڵا بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگەسەری دەڤەری ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوو ڕۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی چوونی ژمارەیەك گەنج بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بڵاو بووەتەوە.

كەسوكاریان پۆلیس یان لایەنی فەرمییان ئاگەدار نەكردووەتەوە لە دیارنەمانی كەسێكیان
بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگەسەر گوتی، دەگوترێ ئەو كەسانە بە هاوڕێكانیان گوتووە دەچین بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام دیار نییە ئایا بۆ ئەو شوێنە چوونە یان بۆ وڵاتێكی ئەوروپی، هەروەها هیچ كەسێك لە كەسوكاریان پۆلیس یان لایەنی فەرمییان ئاگەدار نەكردووەتەوە لە دیارنەمانی كەسێكیان.

ماوەی دوو ڕۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی چوونی چەند گەنجێكی باشووری كوردستان بۆ ڕۆژئاوایی كوردستان بڵاو بووەتەوە و شەوی ڕابردوو دەنگۆی شەهیدبوونی یەكێك لەو گەنجانە ڕاگەیەنرا لە سەرێكانی.

ماوەی شەش ڕۆژە لە ڕۆژئاوای كوردستان شەڕ لە نێوان سوپای توركیا و گرووپە بەكرێگیراوەكانی ئەو وڵاتە و دەستەی بەڕێوەبردنی باكوری سووریا كە بریتین لە ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد