پارێزەران پاڵپشتی له‌ ڕۆژئاوا ده‌كه‌ن

:: PM:04:28:14/10/2019 ‌
لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان  دووپات كرده‌وه‌  و ڕای دەگەێنن، پێویستە وڵاتان كاری ڕژد بكەن بۆ وەستاندنی هێرشەكانی توركیا .

ئەمرۆ دووشه‌م 14ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆکتۆبەر، لەبەردەم دادگای هەولێر، ژماریەك لە پارێزەران گردبوونەوەیەكیان دژ بە داگیركاریی دەوڵەتی توركیا ئەنجام دا. ئەیاد كاكەیی سەرۆكی لقی هەولێری  سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بە نوێنەرایەتی پارێزەران یاداشتێكەی خوێندەوە  و رای گه‌یاند، لە چەند ڕۆژی رابردوو توركیا  بە پێشێلكردنی گشت بەها  یاسا و رێكەوتنامەكانی مافی مرۆڤ لەشكركێشیی دژ بە  ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێ كردووە، بۆیە ئێمە لێرەوە  وەك پارێزەرانی کوردستان نیگەرانیی خۆمان دەردەبرین و داواش دەكەین وڵاتان هەڵوێست بنوێنن.

هیچ گومانی تێدا نییه‌ ئه‌وه‌ی رووده‌دات جینۆسایده‌

ئه‌یاد كاكه‌ ئه‌ویشی خسته ‌ڕوو، نابێت تەنیا لە ڕاگەیاندنەكان پاڵپشتی لە گەلی ڕۆژئاوا بكه‌ن، بەڵكو پێویستە بە كردار شتێك بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بكرێت.

"هیچ گومانی تێدانیە ئەو هێرشه‌ی چەند ڕۆژی رابردووی كە لەلایەن توركیاوه‌ ئەنجام دراوە دەچێتە خانەی  تاوانەكانی جەنگ لە هەندێك حالەت دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جینۆساید." ئه‌یاد كاكه‌ وای گوت.


چه‌ندان جار سه‌رۆكی توركیا ئه‌وه‌ی به‌گوێی ئه‌مه‌ریكا دا كه‌ ئه‌وان به‌ته‌نیاش بێت ئه‌م هێرشه‌ ده‌كه‌ن و وێڕای هه‌ڕه‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، توركیا گفتی خۆی هێنایه‌ جێ، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا هیچ هه‌ڵوێستێكی كرداری نه‌نواندووه‌، جگه‌ له‌ چه‌ند توویتێك نه‌بێ.




وشە - زریان تەها