فەرماندەیەكی پێشمەرگە: بەیانی 16ـی ئۆكتۆبەر بەخیانەت بەئاگا هاتینەوە

:: PM:03:25:15/10/2019 ‌
فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە باشووری ڕۆژئاوای كەركووك ئاشكرای دەكات ڕۆژانی پێش 16ی ئۆكتۆبەر جووڵەی سەربازیی سوپای عێراق هەبوو لە سنوورەكە، لەگەڵ پێشمەرگەكانی یەكێتی بڕیارماندابوو ئەگەر هێرشمان بكرێتە سەر خوێنمان تێكەڵی یەك بێت.

ئەمڕۆ سێشەم 15ـی تشرینی یەكەم، محەمەد عەبدولڕەحمان بەرپرسی كارگێری سەنگەركانی پێشمەرگە لە باشووری ڕۆژئاوای كەركووك پێش خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای هاتنە پێشی سوپای عێراق چەندان ڕۆژ بوو لە سەنگەرەكان ئێشكگربووین بە فەرمانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان بە ڕۆژ ئێمە دەنووستین بەشەو ئێشكگریمان دەكرد لە نێوان ئەفسەرەكان و پێشمەرگەكان سوێندمان خواردبوو كە خوێنمان تێكەڵی یەكتر بێت سەنگەر چۆڵ نەكەین.

یەكێتی فەرمانی كشانەوەیان پێكرابوو و چوار ئەفسەریان لەگەڵ ئێمە بوون لە سەنگەر نەمابوون 
ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە گوتی، لە دوای جووڵەی سوپای عێراق لە سەعات دووی شەو هەموومان بەیەكەوە هەڵساین كەچی پێشمەرگەكانی یەكێتی فەرمانی كشانەوەیان پێكرابوو و چوار ئەفسەریان لەگەڵ ئێمە بوون لە سەنگەر نەمابوون.

باسی لەوەكرد، بە بێتەل قسەیان لەگەڵ پێشمەرگەكانیان دەكرد لە شوێنەكانیان بكشێنەوە و كەلوپەلەكانیان هەڵگرن بگەرێنەوە وەك فەرمانێك بوو بەشێكییان بە گریانەوە سەنگەریان چۆڵكرد.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بە سەرپەرشتیی قاسم سولەیمانی، سوپای قودسی ئێران، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، حزبوڵای لبنان و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی عێراق، لەگەڵ گرووپێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێككەوتبوون بۆ تۆڵەكردنەوە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، هێرش بكەنە سەر پێشمەرگە و یەكێتی شەڕی نەكرد و ناوچەكانی بەدەستەوە دا، لە ئەنجام دا كەركووك و شنگال و زۆربەی ناوچە ئازادكراوەكانی دوای شەڕی داعشیان داگیر كرد و بەرەو هەولێر پێشڕەوییان كرد، بەڵام پێشمەرگەی كوردستان بەرپەرچی دانەوە و لە پردێ و سحێلا و چەند قۆڵێكی ترەوە شكستیان پێ هێنان و ئەبرامزی ئەمەریكیشیان تێك شكاند كە بووە جێی سەرسووڕمان لە دنیادا.




وشە - رامیار جەواد