مۆبایلە نوێكەی نۆكیا پانتایییەكی گەورەی لە بازاڕەكانی ئامێرە زیرەكەكان داگیر كردووە، دوای ئەوەی ملیۆنێك هاووڵاتیی چینی لە خولەكێك داوایان ئاراستە كرد بۆ كڕینی ڤێرژنە نوێكەی مۆبایلی نۆكیا.
پێگەی "فۆن ئارینا" بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی ڤێرژنە نوێكەی نۆكیا بەناوی "نۆكیا 6" لە ماڵپەڕی JD بە نرخی 247 دۆلاری ئەمەریكی خرایە بازاڕەكانەوە، لە یەك خولەكدا ملیۆنێك هاووڵاتی داوایان بۆ كڕینی پێشكەش كرد.
پرۆسەی فرۆشتنی ئەم جۆرە مۆبایلە سەعات 10:06 خولەكی بەیانی تا 10:07 خولەك بەردەوام بوو، واتە تەنیا 60 چركە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەكی یەكجار زۆر خەڵك داوایان پێشكەش كرد بۆ كڕینی مۆبایلەكە كە هیچ كات پێشبینی ئەوە نەدەكرا.
بەگوێرەی داتاكان، لەو 60 چركەیەدا یەك ملیۆن هاووڵاتیی چینی لە ڕێی ئەو ماڵپەڕەوە داوایان پێشكەش كردووە تا ئەو جۆرە مۆبایلە بكڕن.
بڕیارە هەڵمەتی فرۆشتن جارێكی تر لە ڕۆژانی داهاتوو دووبارە بكرێتەوە.
مۆبایلی نۆكیا6 بەرهەمی كۆمپانیای HMD Globalە كە بەم دواییە لۆگۆ و ناوی بازرگانی لە كۆمپانیای نۆكیای فینلەندی وەرگرتووە بۆ بەرهەمه زیرەكەكانی مۆبایل.
كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەو مۆبایلە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاشكرای كرد، مۆبایلەكەی تایبەتمەندی و تەكنیكی زۆر پێشكەوتووی تێدا بەكار هاتووە و هیوادارە كە ململانێكی لەگەڵ كۆمپانیا زەبەلاحەكانی مۆبایلی زیرەك بكات، كە خۆی لە مۆبایلی سامسۆنگ و ئەپڵ دەبینێتەوە.