بۆ زیادبوونی مووچەی خانەنشینی داوای جێبەجێكردنی یاسایەك دەكرێ‌

:: PM:08:57:15/10/2019 ‌
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان نادادی زۆر هەیە، بۆیە پێویستە یاسای چاكسازی پەلەی لێ بكرێت و پەسەند بكرێت.

باشترە یاسای ژمارە نۆی ساڵی 2014ی خانەنشینی عێراق لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، حكوومەت بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرقاڵی ئەوەیە پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەند بكات و كار دەكرێت بۆ ئەوەی سندوقی خانەنشینیش دروست بكرێت لەماوەی ئەم كابینەیە، بەڵام باشترە یاسای ژمارە نۆی ساڵی 2014ی خانەنشینی عێراق لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەگەر ئەویاسایە جێبەجێ بكرێت دادپەروەری دەگەرێتەوە و هیچ خانەنشینێك مووچەی لە 400 هەزار دینار كەمتر نابێت.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، بەگوێرەی یاساكە جیاوازی ناكرێت لەنێوان پلە تایبەتەكان و ئەوەی 15ساڵ خزمەتی نەبێت و 50ساڵ تەمەنی نەبێت ناتوانی خانەنشین بێت، بۆیە ئەندام پەرلەمانێك ناتوانی بە چوار ساڵ خزمەت بە شەش ملیۆن و660 هەزار دینار خانەنشین بكرێت كەتەمەنێكی كەمیشیان هەیە.

باسی لەوە كرد، بەپێی یاسای خانەنشینی كە لەبەرژوەندی پەرلەمانتاران خۆیاندایە ئەگەر هەر پەرلەمانتارێك كۆچی دواییش بكات خانەوادەكەی خانەنشینی پەرلەمانتارەكە وەكو خۆی شەش ملیۆن و 660هەزار دینار وەردەگرن، لەكاتێكدا لەو خانەنشینانەی كە لە هەرێم مووچەی خانەنشینی وەردەگرن و مووچەیان ناگاتە 200 هەزار دینار ژمارەیان 70هەزار كەسە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی نووسینەوەی یاسایی چاكسازییە و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان بكری.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم