رامیار مەحموود: رۆمان كارێكی قۆڕە و خۆم شاعیری دڵخوازی خۆمم

:: AM:08:49:16/10/2019 ‌


رامیار مەحموود /45 ساڵ/ شاعیر و نووسەرێكی ناسراوی كوردە و لە سلێمانی لە دایك بووە و ساڵانێك لە كەنەدا ژیاوە. ئەو بە یەكێك لە نووسەرە بوێرەكان دەناسرێتەوە كە خاوەنی دەیان كتێبی چاپكراوە. رامیار لەم دیمانەیەی "وشە"دا كە شێوەیەكی جیاواز لە پرسیار و وەڵامەكان دەگرێتە خۆی و دیوێكی تری نووسەران پێشان دەدات، ئاماژە بەوە دەكات كە بڕوای بە "نە ئەزموونی زۆر و نە خوێندنەوەی زۆرە" بەڵكو بڕوای بە تێگەیشتن هەیە".

ئەزموونی زۆر یان خوێندنەوەی زۆر؟

نە ئەزموونی زۆر و نە خوێندنەوەی زۆر. تێناگەم چ سوودێك لە زۆریی هەیە؟ تەنیا باوەڕم بە تێگەیشتن هەیە.

گۆشەگیری یان تێكەڵبوون؟

حەزم لە هیچیان نییە، من حەزم بە تۆڕ هەیە بە فوول كۆنێكشن بە دڵ و گیانەوە بۆ ناو دنیا.

كوردستان یان دەرەوەی وڵات؟

نە كوردستان و نە دەرەوەی وڵات، خۆم لەناو سپەیس.

موزیك یان سینەما چیژێكی زیاترت پێ دەدەن؟

موزیك. سینەما زیاتر ئینتەرتەیمێنتە و تەڵەكەبازییەكە لە شانۆ كراوە. 

حەزت دەكرد ببیت بە چی كە نەتتوانیوە یا ڕێك نەكەوتووە؟

حەزم كردووە ببم بە شاعیر. بۆ من شیعرنووسین گەڕانە بەدوای خۆمدا، واتە دۆزینەوەی ئەوە.

ئەو زمانانەی پێت خۆش بوو بیانزانی؟

حەزم بە زانینی زمانی كوردییە.

ژنێكی جوان و نەزان یاخۆ ژیر و ناشیرین؟

ئەمە پرسیارێكی نێر جیهانبینییانەیە لەسەر ئەوی تر.


چی دڵخۆشت دەكات، چی خەمبار؟

خەمبار دەبم ئاوم لە دەبە بۆ دانێن، بەوە دڵخۆشم پەرداخی ئاوەكەم لیمۆ و گەڵای نەعنای تێدا بێت كاتی قاوە خواردنەوە.

سێ فەیلەسووف، بیرمەندی دڵخوازت؟

ماڕكس و فڕۆید و نیتشە.

سێ چیرۆكنووس، ڕۆماننووسی دڵخوازت؟

ڕۆمان كارێكی قۆڕە.

سێ شاعیری دڵخوازت؟

نالی و گۆران و خۆم هاهاهاها

ناوی چەند كتێبێك كە هەردەم لە خەیاڵتن؟

من سەوادم كتێب ناخوێنمەوە.


لە كۆتادا، ژین یان مەرگ؟


نە ژین نە مەرگ، من هەموو شتێكم دەوێ بەسەریەكەوە.

وشە/ دیمانە- ژیار ئەسوەد



وشە - وشه‌