تەرمی مرۆڤی نامۆ و نائاسایی لە سوودان دەبینرێنەوە

:: AM:11:24:22/01/2017 ‌

شوێنەوارناسان لە سوودان چوار گۆڕی كۆنیان لە ناوچەیەكی سوودان دۆزییەوە كە مێژووەكەیان بۆ هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، ئەوەی لە ئێسكەپەیكەری ئەو تەرمانە بەدی كراوە كە لە نێو گۆڕەكاندان، ئەوەیە كە ئێسكەپەیكەریان تەواو نامۆ و نائاسایییە بە بەراورد بە مرۆڤی ئێستە.

زانایان ئێسكەپەیكەری تەرمی نێو ئەو گۆڕانەیان وەرگرتووە و لێكۆڵینەوەیان لەسەر كرد و لە ئەنجامدا بۆیان ڕوون بووەتەوە كە جۆرێك لە بۆشایی لە نێوان گۆشت و ئێسكی ئەو مرۆڤانە ڕاستەوخۆ دوای كۆچی دوایی كەسەكان دروست بووە، ئەمەش هاوشێوەی كەوڵكردنی ئاژەڵە و تا ئێستەش هیچ لێكدانەوەی زانستی بۆ ئەو حاڵەتە نەدۆزراوەتەوە.

توێژەرانی زانكۆی "ماك ماستەر" لە هامڵتن لە ئەنجامی بە دوا گەڕانەكانیاندا، توانیویانە پەیكەری 123 كەس بدۆزنەوە لە چوار گۆڕی گەورە لە نزیك كەنیسەیەك كە مێژووەكەی بۆ سەدەكانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.

توێژەران دەڵێن، یەكێك لەو گۆڕانە تایبەتە بە كەسانی نێری تازە پێگەیشتوون كە سەرجەمیان بەنزیكەیی هاوتەمەنن، لەلایەن كەنیسەوە نێژراون. بەڵام لە گۆڕی چوارەمدا تەنیا چوار تەرم دۆزراونەتەوە كە ئێسكەپەیكەر و شێوە و تەواوی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەو تەرمانە نامۆ و نائاسایین.

بەگوێرەی لێكدانەوەكان، تەرمەكانی ئەو گۆڕە بەر لەوەی بنێژرێن، گۆشت و ئێسكەكانیان بۆشایی تێدا دروست كراوە.

رۆبەرت ستارك توێژەر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە دەڵێ، تەواوی ئەو ئاماژانەی لەو تەرمانە هەن، دەرخەری ئەوەن كە ئەو تەرمانە ئێسك و گۆشتی جەستەیان لە یەكتر جیا كراوەتەوە لە ماوەیەكی تەواو بەر لەوەی بنێژرێن و تا ئێستەش وەڵامی ڕوونیان لەسەر ئەمە دەست نەكەوتووە.

سەرچاوە/سكای نیوز.






وشە - باز ئه‌حمه‌د