سێ‌ هەزار و 500 دەستنووسی زانایانی كورد لە ئەوقافی سلێمانی تۆزیان گرتووە

:: AM:11:47:22/01/2017 ‌

سێ‌ هەزار و 500 دەستنووسی زانایانی كورد لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی بێ ناز ماونەتەوە، بەرپرسانی ئەوقاف و كاروباری ئاینی دووپات لەوە دەكەنەوە شوێنی هەڵگرتنی دەستنووسەكان تەندروست نییە و مەترسییان لەسەر هەیە، لەكاتێكدا بەهۆی نەبوونی پارەوە ناتوانراوە نە شوێنێكی گونجاویان بۆ دابین بكرێن و نە چاپ بكرێن. 

جەمیل محەمەد بەڕێوەبەری كتێبخانە لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، "ئەو دەستنووسانەی كە لە كۆنەوە هەڵگیراون، تا ئێستە كێشەی فەوتانیان بۆ دروست نەبووە، بەڵام كێشەیان هەیە، چونكە كاغەز تەمەنێكی دیاریكراوی هەیە، ئەگەر زۆری بەسەردا بڕوات تێك دەچێت و خراپ دەبێت، ئەو دەستنووسانەش 70 ساڵ دەبن بەو شێوەیە هەڵگیراون و پارێزراون، شوێنەكەشیان زۆر گونجاو و تەندروست نییە".

ئێستە لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی سێ‌ هەزار و 500 دەستنووسی كۆنی زانایانی كورد هەڵگیراون كە لە بنەڕەتدا بۆ كتێبخانەی خانەقای بیارەی هەورامان دەگەڕێتەوە، هەندێك لە سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە لە ماوەی شەڕی عێراق-ئێران، بەشێك لەو دەستنووسانەی خانەقای بیارەی هەورامان تاڵان كراون و بۆ ئێران براون.
بەڕێوەبەری كتێبخانەی ئەوقاف دەڵێ‌، "ئەو شوێنەی لە ئەوقافی سلێمانی دەستنووسەكانی تێدا هەڵگیراوە، بە شێوەی زانستی بۆ هەڵگرتنی دەستنووس دروست نەكراوە، بۆیە بە دڵنیایییەوە لە داهاتوودا زیانیان پێ دەگات، شوێنەكەشیان گونجاو نییە، ئەگەر ئەو دەستنووسانە بە شێوەی كاتی دابنرێن لەو شوێنە كێشەی نییە، نەك ئەو هەموو ساڵە".

زیاتر دەڵێ‌، "ئەوقاف رازی بووە بە چاپكردنی ئەو دەستنووسانە، بەڵام حكوومەت و ئەوقاف ئامادەیییان نەبووە تێچووی مادی چاپكردنی دەستنووسەكان لە ئەستۆ بگرن، چونكە پارەیەكی زۆری دەوێت، ئەوەش وای كردووە دەستنووسەكان بەو شێوەیە بمێننەوە".

لە مزگەوت و خانەقاكانی كۆنی باشووری كوردستاندا هەزاران دەستنووس هەبوون، بەشێكیان لێرەولەوێ‌ هەڵگیراون و پارێزراون، بەڵام بەشێكی زۆریشی تیا چوون یان بۆ بەغدا گواسترانەتەوە، هاوشێوەی ئەو دوو هەزار و 500 دەستنووسەی پێشتر بۆ خانەی دەستنووسەكانی بەغدا گواستراونەتەوە.

بەرپرسەكەی ئەوقافی سلێمانی دووپاتی كردەوە، "لەرووی زانستییەوە دەبێت شوێنی هەڵگرتنی دەستنووس تایبەت بێت، بەتایبەت بۆ پاراستنی لە شێ‌، ئامێری تایبەت هەیە بۆ ئەو مەبەستە بەكار دێت، بەڵام ئێمە ئەو ئامێرەمان نییە".

محەمەد زیاتر دەڵێ‌، "سەرجەمی دەستنوسەكان گرنگ  و بەهادارن، ئەو دەستنووسانە كاتی خۆی لە بەردەم چرا نووسراونەتەوە چۆن گرنگ نین، بەڵام ئێمە توانای پاراستنمان نییە، 45 لەو دەستنوسانەش بە كوردی نووسراون، زۆربەشیان بە زمانی عەرەبی نووسراون و ئەوانی تریش بە زمانی فارسی".

شێخ ئیبراهیم محەمەد بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئیشراف و توێژینەوە و دیراسات لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "وەزارەتی ئەوقاف ئەو دەستنووسانەی لە كۆنەوە تا ئێستە پاراستووە و لە بەرنامەدایە بەشێوازێكی گشتی ئەو دەستنووسانەی لە كوردستان هەیە بپارێزرێن، بەنیازین ئەو پەرتووكە كۆنانەی كە هەن بیخەینە بواری لێكۆڵینەوە و توێژینەوە و ئەو بابەتانەی كە هەیە و زیندوو بكرێنەوە".

زیاتر دەڵێ‌، "نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ناو وەزارەتی ئەوقاف شوێنی تایبەت دابنرێت بۆ ئەوانەی سوودی لێ وەردەگرن، تا ئێستەش باس لە خراپبوونی ئەو دەستنووسانە نەكراوە، یان خراپ بووبن، بەڵام ئەگەر چاودێری نەكرێن و بە شێوازی زانستی تازە هەڵنەگیرێن، ئەوە باش نابێت، چونكە بەجێماوی گەلێكن و پێویستە دەربخرێن بۆ هاووڵاتییان تا بەشێوازی جوان سوودی لێ وەربگیرێت".

بەرزنجی دەڵێ‌، "زانایانی كورد بە چوار زمان ئەو دەستنووسانەیان بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی، توركی و فارسی نووسیوە، بەڵام بەداخەوە كەمترینیان بە زمانی كوردی نووسراون".

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - تایبه‌ت