پەكەكە لە هەڵەبجە باج دەسەپێنێت و منداڵان دەڕفێنێت

:: AM:11:54:22/01/2017 ‌

لایەنە جیاجیاكانی هەڵەبجە، رای دەگەیەنن گەریلاكانی پەكەكە بۆ رفاندن و هەڵخەڵاتاندنی منداڵان، دێنە ناو شار و لە شاخیشدا باج بەسەر كۆڵبەراندا دەسەپێنن. ئاژانسی هیومان راتس وۆچ دووپات لە رفاندن و گواستنەوەی 38 منداڵی هەڵەبجە لەلایەن پەكەكەوە دەكاتەوە.

ئاكۆ شاوەیس كاندیدی كاكەیییەكانی هەڵەبجە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە"ی راگەیاند، گەریلاكانی پەكەكە خۆیان دەگەیەننە گوندەكانی رۆژهەڵاتی هەڵەبجە، بازگە دادەنێن و باج بەسەر ئەو كۆڵبەرانەدا دەسەپێنن كە لە نێوان ئێران و كوردستاندا بارەكانیان دەگوازنەوە.
شاوەیس ئاماژە بە گوندی هاواری كاكەیییان دەكات كە بەدووریی 20كم لە رۆژهەڵاتی هەڵەبجە هەڵكەوتووە و لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك لەلایەن پەكەكەوە بازگەی تێدا دانراوە، ئەوەش بەو هۆیەوە كە ناوچەكە مەرزێكی كۆڵبەرییە و كۆڵبەرەكان هاتوچۆی تێدا دەكەن.
ئاشكرای  كرد، "ئێمە پێشتر قسەمان لەگەڵ ئەو چەكدارانەی پەكەكە كردووە و پێمان راگەیاندوون كە خەڵكی گوندەكانی هاوار، هاوارە كۆن، دەرەتفێ‌، تەویڵە و چەندان ناوچەی تر بژێویان لەسەر ئەو مەرزەیە و ناكرێت ئەوان كێشەیان بۆ دروست بكەن".
ئازاد فایەق ئەنجوومەنی گوندی هاوار بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "مانگێك دەبێت ئێران مەرزە كۆڵبەرییەكەی داخستووە، ئەوەش بەهۆی بوونی چەكدارانەوە لە ناوچەكەدا، بەڵام نازانین بەهۆی پەكەكەیە یان ئەو چەكدارانەی داعش كە پێش ماوەیەك لە سنوورەكە دەركەوتن".
فاڕووق عەبدولكەریم بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندن لە لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە بۆ "وشە"ی دووپات دەكاتەوە، گەریلاكانی پەكەكە لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری هەڵەبجە ئامادەیییان هەیە و ماوە ماوەش دێنە ناو شارەكەوە.
ئەو دەڵێ‌، "پەكەكە لە ناوچە شاخاوییەكاندا باج لە كۆڵبەران وەردەگرێت و هاتنی بۆ ناو شاریش بۆ پێوەندیكردنە بە گەنجان و منداڵان و بردنیان بۆ ریزەكانیان، بەداخەوە تا ئێستە چەندان منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵی لەلایەن پەكەكەوە براون".
هیومان راتس وۆچ لە 22ی تشرینی دووەم/دیسێمبەری 2016 ئاشكرای كرد، لە 2013ەوە لە هەڵەبجە 38 منداڵ لەلایەن پەكەكەوە براونەتە قەندیل.
كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە "وشە" دەڵێ‌، "هاووڵاتییان هاتوونەتە لامان و باسیان لەوە كردەوە چەكدارانی پەكەكە باجیان لێ‌ وەردەگرن".
زیاتر دەڵێ‌، "هێزە تەناهییەكانی پارێزگای هەڵەبجە پاش سكاڵای هاووڵاتییان، سەردانی شوێنی دیاریكراویان كردووە، بەڵام گەریلاكانی پەكەكە لەوێ‌ رۆیشتوون و هەر بەشێوەیەكی كاتی دەمێننەوە".
هەڵخەڵەتاندنی منداڵانی هەڵەبجە لەلایەن گرووپە توندڕۆ و چەكدارییەكانەوە، ئێستە یەكێك لەو دۆسیانەیە كە نووسینگەی مافی مرۆڤ و چەند رێكخراوی مەدەنی كاری لەسەر دەكەن.
گوڵستان ئەحمەد بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە بە "وشە"ی راگەیاند، "ئێمە بەدواداچوونێكی مەیدانیمان لەبارەی پێوەندیكردنی منداڵان بە گرووپە توندڕۆ و چەكدارییەكانەوە كردووە، ئەو حاڵەتە هەیە و ئاشكرایە".
ئەو دەڵێ‌، "ژمارەیەك منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵی، پێوەندییان بە گرووپە توندڕۆ و چەكدارییەكانەوە كردووە،  هەر لە پەكەكە تا دەگات بە بەرەی نەسر و داعش، ئەوەش پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە و تەنانەت ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگەش منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵی چەكدار بكات، هەر یاسایی نییە".

هەڵەبجە/ سەلام هانەدنی



وشە - تایبه‌ت