بەرپرسانی یەکێتی لەبارەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر: پەلەمان کرد

:: AM:10:29:17/10/2019 ‌
"پەلەمان كرد و بە 16ی ئۆكتۆبەر یەكێتیمان لە لەناوچوون پاراست"

 یەكێك لەو خیانەتانەی كە لە مێژووی هەرێمی كوردستان لەبیر ناچێتەوە، 16ی ئۆكتۆبەرە، بەهۆیەوە 51%ی خاكی كوردستان لە دەست درا و سەتان خێزانی كوردی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئاوارە بوون، دوای دوو ساڵ بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن "پەلەمان كرد".

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بە سەرپەرشتیی قاسم سولەیمانی، سوپای قودسی ئێران، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، حزبوڵای لبنان و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی عێراق، لەگەڵ گرووپێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕێككەوتبوون بۆ تۆڵەكردنەوە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، هێرش بكەنە سەر كوردستان، یەكێتی شەڕی نەكرد و ناوچەكانی بەدەستەوە دا. 

لە ئەنجامدا كەركووك و شنگال و زۆربەی ناوچە ئازادكراوەكانی دوای شەڕی داعشیان داگیر كرد و بەرەو هەولێر پێشڕەوییان كرد، بەڵام پێشمەرگەی كوردستان بەرپەرچی دانەوە و لە پردێ و سحێلا و چەند قۆڵێكی ترەوە شكستیان پێ هێنان، ئەبرامزی ئەمەریكیشیان تێكشكاند كە بووە جێی سەرسوڕمان لە دنیادا.

"وشە" لەم ڕاپۆرتەدا جیا لە كاردانەوەكانی ئەو خیانەتە كە تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە، لێدوانی سێ‌ بەرپرسی جیاوازی یەكێتی لە فەرماندەیەكی پێشمەرگەوە تا پەرلەمانتار و سەركردایەتی ئەو حزبە، بڵاو دەكاتەوە كە لە قسەكانیاندا پەشیمانی دیارە، بەڵام نایانەوێ‌ ددانی پێدا بنێن. بەڵام ئەو ڕاستییە دەزانن كە بەهۆی ئەو خیانەتەوە چ كارەساتێك بەسەر پێگەی سیاسیی و جیۆگرافی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان هات.

فەرماندەی ئەو كاتەی میحوەری داقووق دەڵێ ڕووداوێك بوو تێپەڕی، بەڵام هەست دەكەم پەلەمان كرد لە زۆر شت و دەبوو زیاتر ئارام بگرین.

محەمەد قادر فەرماندەی ئەوکاتی میحوەری داقوق: 
كارەكە پەلەی پێوە دیار بوو، دەبوو هێمنتر مامەڵە بكەین

محەمەد قادر كە لەكاتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بەرپرسی میحوەری داقووق بووە، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ڕووداوانەی لەكاتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ڕووی دا، كاردانەوەی چەند ڕووداوێكی تر بوو، بەڵام پەلەمان كرد.

ڕوونی كردەوە كە كارەكە پەلەی پێوە دیار بوو و دەبوو هێمنتر مامەڵە بكەین، هەرچەندە گوشارێكی زۆر هەبوو.

فەرماندەكەی پێشمەرگە زیاتر گوتی، ڕەنگە هەندێك وای لێك بدەنەوە كە ئەو رووداوانە كاردانەوەی ریفراندۆم بوو، بەڵام كەس لە ریفراندۆم پەشیمان نییە.

هەرچەندە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بە تەواوی دەركەوت كە گرووپێكی ناو حزبەكە كارەكەیان ئەنجام داوە بەبێ‌ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتی و تەنانەت كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی، لە بەیاننامەكەیدا زۆر شۆكی پێوە دیاربوو، بەڵام ئێستە بەشێك لەو گرووپەیش كە ئەو كارەیان كرد، پەشیمانن.

وەك ئەوەی پێشتر "وشە" بڵاوی كردبووەوە، بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەرەوە نەوتی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبی و چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە سەرپەرشتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان كرد تاڵان دەكرێ. لە كاتێكدا پێشتر هەرێمی كوردستان بەشێكی دەفرۆشت و مانگانە 10 ملیۆن دۆلاری وەك پترۆدۆلار بە ئیدارەی شارەكە دەدا.

نەسروڵا سوورچی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی: 

بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتی دەكرد و بۆ ئەوەبوو یەكێتی بپارێزین
نەسروڵا سوورچی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ یەكەمجار چەند ڕاستییەك لەسەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ "وشە" ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ڕێككەوتنەكە نووسراوێكی چوار خاڵی بوو، بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتی دەكرد و دواتر كارەكە بەو شێوەیەی لێ هات كە ڕووی دا و تانك بەسەر پێشمەرگەدا ڕۆی.

سورچی گوتی، "ئەمەریكا بە عێراقی گوت بڕۆن كەركووك بگرن و پشتیوانیتان دەكەم، بۆیە ئەو كارە ڕووی دا". 

بەرپرسەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوە كرد، "16ی ئۆكتۆبەر بە خیانەت ناو دەبرێ‌، بەڵام ئەوە بۆ شاردنەوەی چەند كارێكی ترە كە پێشتر كراون، روونە نەمانتوانیوە بەرگری بكەین و كشاینەوە، تانك بەسەر پێشمەرگەدا دەڕۆی، بەڵام كەركووك نەدەپارێزرا. جگە لەوەی پێش ئەو ڕێككەوتنەی 16ی ئۆكتۆبەر، هەوڵێك هەبوو یەكێتی لەناو ببرێ‌ و بەو ڕێككەوتنە یەكێتیمان پاراست". 

وەك نهێنی، ئەوەی باس كرد كە ڕێككەوتنێكی نهێنی هەبووە لەگەڵ عەبادی و دوای ئەوە هەشت سەعات مۆڵەت درا بە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كە بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتی ڕێككەوتنەكەی دەكرد و بەشێك لە سەركردایەتیش واژوویان كرد. 

بەگوتەی سورچی "ڕێككەوتنەكە چوار خاڵ بوو كە یەكێك لە خاڵەكان پێدانەوەی بیرە نەوتەكان بوو بە بەغدا". 

لەبارەی ئاگاداری سەركردایەتیی تەواوی یەكێتی لەو ڕێككەوتنە، ئەو بەرپرسەی ئاماژەی بەوە دا "من نازانم كێ‌ ئاگادار بووە یان نا، بابەتی ئاگادار نەبوونی كاك كۆسرەت لەو ڕێككەوتنە شتێكی ترە و من قسەی لەسەر ناكەم".

"نەوتی كەركووك عێراق دەیبات و پێوەندی بە لاهوور جەنگی و بافڵ تاڵەبانییەوە نییە، هەروەها ئاسۆ مامەند ئێستە مۆڵەتی چەكی لە كەركووك هەیە و مۆڵەتی كردنەوەی بارەگاكانیشی وەرگرت" سورچی وای گوت. 

بەبێ‌ هیچ هۆكارێكی بڕواهێنەر، ئێستە بەرپرسانی یەكێتی ئەوانەی پشتگیری خیانەتەكە دەكەن، پێیان وایە ئەگەر یەكێتی ڕێككەوتنی بكردایە یان نا، ئەو كارە هەر ڕووی دەدا.

باڵامبۆ محەمەد پەرلەمانتاری یەكێتی: 
ڕێككەوتن بكرایە یان نا، 16ی ئۆكتۆبەر هەر ڕووی دەدا


باڵامبۆ محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ڕێككەوتن بكرایە یان نا، 16ی ئۆكتۆبەر هەر ڕووی دەدا، چونكە وڵاتانی ناوچەكە نایانەوێ كورد قەوارەیەكی سەربەخۆی خۆی هەبێت.

لەبارەی ئەوەی كە هەست دەكەن دوای 16ی ئۆكتۆبەر دۆخی كەركووك خراپتر بووە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "كشانەوەی پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ ئەوەبوو كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان تووشی كارەسات نەبنەوە و زیانیان بەرنەكەوێت، وەك ئەوەی ئێستە سوپای توركیا بەسەر ڕۆژئاوای كوردستانی دەهێنێت".

ئەوەشی گوت، ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ناوماڵی خۆیان ڕێكبخەنەوە و تەبابن لەگەڵ یەكتردا، دۆخی كەركووك 180 پلە دەگۆڕێت.
بەرپرسانی یەكێتی تەنیا لە روانگەی خۆیانەوە باسی كشانەوە دەكەن، لە كاتێكدا ئەو كاتە هێزی پێشمەرگە یەكگرتوو بوو، بەڵام تەنیا یەكێتییەكانیان ئاگەدار كردبوو كە بكشێنەوە ئەگینا مووچەبڕ دەكرێن، بەوەیش هەرچی بنیات نرابوو لە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە گەڕایەوە خاڵی سفر.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم